کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی لە واشنتن بوونەتە جێگەی بایەخی هەمووان

کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بازرانی لە ئەمەریکا بوونەتە جێگەی بایەخی هەمووان. شارەزایان و بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئاماژە بەوە دەدەن، دەبێت ئەمەریکا لە گرنگی هەرێمی کوردستان تێبگات و فشاریش لە بەغدا بکات هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە.

هەمووان بە گرنگییەوە باس لە یەک بە یەکی کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرپرس، سیناتۆر، باڵیۆز و کەسایەتییەکانی ئەمەریکا دەکەن.

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکۆر، یەکێک بوو لەو کەسانەی لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆبووەوە و سەبارەت بە ئەجێندای کۆبوونەوەکە راگەیاند، سەرۆکوەزیران بە بەرپرسانی واشنتنی راگەیاندووە، دەیەوێت سیستمی بەرگریی ئاسمانی و دژە مووشەک بدرێتە هەرێمی کوردستان.

مایڵز كاگینز گوتی: “سەرۆكوەزیران بارزانی جەختیكردەوە لەوەی پێویستە هەرێمی كوردستان بپارێزرێت. بە بەرپرسانی واشنتن دی سی راگەیاند كە دەیەوێت سیستمی بەرگریی ئاسمانی و دژە مووشەك بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكرێت. دەیەوێت كێشەی بودجە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێت و چیتر بودجە و مووچەی فەرمانبەران وەك چەكێكی سیاسی دژی هەرێمی كوردستان بەكارنەهێنرێت. سەرۆكوەزیران دەیەوێت دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی كوردستان بكرێتەوە”.

ترێنت فرانکس، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاش راگەیاند، پێویستە ئیدارەی بایدن راستەوخۆ هاوکاری سەربازی هەرێمی کوردستان بکات و تێبگات کوردستان هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، “کاتێک ئەو هەموارەم پێشنیاز کرد کە راستەوخۆ هاوکاری سەربازی بە هەرێمی کوردستان بدرێت، توانیمان لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسندی بکەین، بەڵام ئیدارەی ئۆباما لە ئەنجوومەنی پیران رێگری لێکرد. بۆیە متمانەم بە ئیدارەی بایدن نییە کارە دروستەکە بکات. داوا لە ئیدارەی بایدن دەکەم پشتیوانی لە کورد بکات و تێبگات کە هاوپەیمانێکی چەند گرنگی ئەمەریکان و بۆ پڕۆسەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەند گرنگن و چەندیش گرنگە یارمەتی بدرێن لەوەی وەک گەلێک و وەک حکومەت سەرکەوتووبن.”

ئێرنی ئۆدینۆ شارەزای سەربازییش بە گرنگییەوە باسی لە سەردانەکەی مەسرور بازرانی کردنبۆ واشنتن و ئاماژەی بەوەدا، “ئێران هەوڵیداوە هەرێمی کوردستان بخنکێنێت، دەبێت ئەمەریکا داوا لە عێراق بکات هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە”.

بە گوتەی ئەو شارەزا سەربازییە، “دەبێت ئەمەریکا داوا لە عێراق بکات بۆڕی هەناردەکردنی نەوت بکاتەوە، چونکە تاران هەوڵیداوە هەرێمی کوردستان بخنکێنێت. هەروەها ئەمەریکا دەبێت هەنگاوی زیاتر بۆ جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە هەولێر و هەروەها بۆ هێزەکانیشمان لەوێ جێگیر بکات. هەروەها راستەوخۆ پێشمەرگە پڕچەک و پارادەر بکرێت.”

ئێوارەی رۆژی شەممە، 24-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێکی فەرمی و بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

رۆژی دووشەممە، 26-02-2024، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەیەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی چەندین تەوەری جێی بایەخی هاوبەش و پەیوەندیدار بە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.

لەمیانی سەردانەكەی بۆ واشنتۆن؛ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەفتەری یاداشتەكانی یادگاریی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، چەند دێڕەکی نووسی.

رۆژی سێشەممە، 27ـی شوباتی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، لەگەڵ سێناتۆر جاک رید، سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا و سێناتۆر رۆجەر ویکر ئەندامی باڵای لیژنەکە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنیی ئارامیی و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە.