ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان بوونەتە هاوپەیمانێکی ستراتیژی

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەمەریکا و کورد پێوەندییەکی مێژووییان لەگەڵ یەکتردا هەیە و ئەگەر ڕووداوەکانی دوای جەنگی یەکەمی کەنداو، دەستپێکی گەشانەوەی ئەو پێوەندییانە بووبێت، ئەوا ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە جەنگی دژی تیرۆر و پاشان دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری بە وێستگەیەکی تری تۆکمەکردنی ئەو پێوەندییانە هەژمار دەکرێت، ئێستاش ئاڵۆزی و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەو پێویستییەی هێناوەتە کایەوە ڕۆڵ بە کاراکتەرە ئاشتیخوازەکان بسپێردرێت.

لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردوودا ئەمەریکا زیاتر لە هەر وڵاتێکی تری سەر گۆی زەوەی سوود و خێر و بێری بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باشووری کوردستان هەبووە. وەک ئاشکرایە ئەگەر دەرەنجامەکانی جەنگی یەکەمی کەنداو و لاوازبوونی ڕژێمی بەعس نەبوایە ڕەنگە قەوارەی هەرێمی کوردستان نەتوانرابا وا بە ئاسانی دروست ببێت، ئەمەریکا هاوشێوەی فڕەنسا لە دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەی دژەفڕین ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.
لە دەیەی نەوەدی سەدەی ڕابردووی زایینی هەرێمی کوردستان کە حکوومەتەکەی ساوا بوو تووشی کۆمەڵێک ڕووداوی تاڵ هات کە قێزەونترینیان شەڕی براکوژی بوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە چەسپاندنی ئاشتی و کۆتاییهێنان بەو شەڕە نەگریسە ڕۆڵێکی زۆر کاریگەری هەبوو و لە سەردەمێکدا کە زۆرێک لە دوژمنانی کورد لە هەوڵی ئەوەدابوون فوو لەو ئاگرەی شەڕ بکەن و سیمایەکی ناشیرین لە ئەزموونی دەسەڵاتی کورد پێشان بدەن، ئەمەریکا هاتە مەیدان و لە ساڵی ١٩٩٨ لەسەر دەستی مادلین ئۆلبرایت وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمەریکا ئاشتی لە ناو ماڵی کورد ڕاگەیەنرا.
دوای سێ ساڵ لەو ڕووداوە ئەمەریکا بڕیاری دا هێرش بکاتە سەر بەغدا و کۆتایی بە ڕژێمێکی دیکتاتۆری ناوچەکە بهێنێت و کورد بۆ یەکەم جار لەگەڵ ئەمەریکا کەوتە هاوپەیمانێتییەکی سەربازی و ڕۆڵی کارای هەبوو لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئەمەریکا لە ناوچەکە تەنیا کوردی شک دەبینی کە ڕوانگەیەکی شارستانییانەی بەرانبەر دیموکراسی و پێکەوەژیان و پاراستنی مافی مرۆڤ هەبوو و بۆیەش لەو دۆخە پڕ قەیران و تەنگژەی عێراق کە دەسەڵات ڕووخابوو و ئاداری بەسەر پادارەوە نەمابوو، کورد ڕۆڵی زۆر کاریگەری گێڕا لە بنیاتنانی عێراقێکی نوێی فیدراڵی و تەنانەت کورد پاشەکشەی لە بەشێک لە مافە گرنگەکانی خۆی کرد بەو هیوایەی لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دەستکەوتی زیاتر بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان بەدی بهێنێت.
کورد بووە هۆکاری کۆکردنەوەی سەرجەم ئۆپۆزسیۆن و لایەنە ناکۆکەکانی عێراق لە دەوری یەکتر و دواجار دەستوور چەسپێنرا و حکوومەتی نوێی عێراق دامەزرا. لە سەردەمێکدا کە لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق دیدێکی زۆر نەرێنی بەرانبەر ئەمەریکا هەبوو و سەربازە ئەمەریکییەکان دەکوژران و بەردیان تێدەگیرا، لە کوردستان گوڵباران دەکران و وەک ڕزگارکەر سەیر دەکران.
بۆ ئەمەریکا ئەوە سەلمێنرا کە کورد دۆستێکی زۆر بەوەفایە و دەکرێ پێوەندییەکان لەگەڵیدا پتەوتر بکرێ و بپارێزرێت. کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١١ لە ژێر گوشاری عەرەب نەبووە هۆی پچڕانی پێوەندییەکانی نێوان کورد و ئەمەریکا و لە ساڵی ٢٠١٤ دوای ئەوەی داعش مووسڵی گرت و پاشان پەلاماری خاکی هەرێمی کوردستانی دا، ئەمەریکا یەکەم وڵات بوو کە بە هانای کوردەوە هات و فڕۆکەکانی هەولێریان لە هێرش و پەلامارەکانی داعش پاراست.
دوای ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش دامەزرا کورد بوو بە یەکێک لە گرنگترین هێزەکانی مەیدانی و لەسەر دەستی پێشمەرگە ئەفسانەی داعش تێکشکێنرا و بۆ هەموو دنیا ئەوە سەلمێنرا کە کورد تا سەرئێسقان دژی تیرۆرە و ئامادەیە لە پێناو ئاشتی و ئارامی و پێکەوە ژیان قوربانی بدات.
لەدوای ڕووخانی داعش پێوەندییەکانی نێوان کورد و ئەمەریکا بە پتەوی ماونەتەوە و تا ئەم ساتەش ئەمەریکا بەشێک لە مووچەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دابین دەکات و ڕاوێژکارەکانیشی لە مەشقپێکردنی پێشمەرگە هاوشێوەی سوپای عێراق بەردەوامن و لەم دواییانەدا لە کۆنگرێسی ئەمەریکا ئەو پرسەش ورووژێنرا کە تەنانەت بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە بە تایبەتی دوای سەرهەڵدانی جەنگی غەزە، دۆخێکی نوێ لە ناوچەکە هاتووەتە کایەوە و ئەو دۆخە قەیراناوییەش ڕێخۆشکەر بووە بۆ دووبارە پەرەسەندنی تیرۆر و ئالۆزی و پشێوی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە ئاستی عێراقدا دژایەتیی ئەمەریکا دەکرێ و لایەنەکانی شیعە کە لەسەرەتای ئەم سەدەیە بە پاڵپشتیی ئەمەریکا بە دەسەڵات گەیشتن و بە پاڵپشتیی ئەمەریکاش لە تیرۆر و وێرانکاریی زیاتر پارێزران، سپڵە دەرچوون و داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن، بە درۆن و هاوەن وەڵامی چاکەکەیان دەدەنەوە.
لەو دۆخە قەیراناوییەدا کوردیش هاوشێوەی ئەمەریکا کراوەتە ئامانج و بە بیانووی جیاواز، یاسا و بڕیاری نابەجێی بەسەردا دەسەپێنرێت، مووچە و بودجەی دەبڕدرێت و ڕێ بە فرۆشتنی نەوتەکەی نادرێت، مووشەکباران دەکرێت، خەڵکەکەی برسی دەکرێت و هەمان سیاسەتی جینۆساید و تەعریبی سەدەی ڕابردوو لە دژی جێبەجێ دەکرێت.
لەو دۆخە هەستیارەدا جارێکی تر ئەمەریکا و کورد دەستیان بۆ دەستی یەکتر بردووە و ویستیان هەیە جارێکی تر ئەم هەورازەش تێپەڕێنن.
ڕۆژی دووشەم ٢٦ی شوبات لەسەر بانگهێشتی ئەمەریکا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتن و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەو بەرپرسانی باڵای تر کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوانەدا ئەمەریکا زۆر بە ڕاشکاوی پاڵپشتیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە و وەک هاوپەیمان ناوی بردووە و دەخوازێت کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقدا هەبێت.

ھەواڵی زیاتر