دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکووک بەردەوامن

لە کۆبوونەوەی ماڵی سودانی لە بەغدا بڕیاردرا کە ھاوپەیمانی ئیدارەی کەرکووک پێکبهێنرێت، بەڵام ھیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان لایەنەکان دروست نەبوو بۆ پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکووک، بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە ھەفتەی داھاتوو لایەنە سەرکەوتووەکانی ھەڵبژاردن جارێکی دیکە لە بەغدا کۆببنەوە و بڕیار لە بارەی پێکھێنانی ئیدارەی نوێی شارەکە بدەن.سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: پارتی دەیەوێت پارێزگارێکی کوردی بێلایەن کە جێگەی ڕەزامەندی ھەموو پێکهاتەکان بێت ئیدارەی شارەکە بدات.

لەنێو پارێزگاکانی عێراق تەنیا دوو پارێزگا ماون کە پارێزگاری بۆ دیاری نەکراوە یەکێک لەو دوو پارێزگایە کەرکووکە، ئەمە لە کاتێکدایە زیاتر لە دوو مانگە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواو بووە، بەڵام تا ئێستە لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن نەگەیشتوونەتە ھیچ ڕێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی ئیدارەی نوێی شارەکە، ئەگەر بەم شێوەیە بارودۆخەکە بەردەوام بێت، ئاسۆی پێکھێنانی ئیدارەی نوێ دیار نییە.
یەکێتی و پارتی بڕیاریان داوە کە ببن بە یەک تیم، ئەو یەک تیمیەش بەشداریان کردووە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆیە ھاووڵاتییان دەیانەوێت ھەر دوولا ڕێکبکەون و کەسێکی کورد دیاری بکەن بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک، بۆ ئەوەی ئەو دۆخەی لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بەسەر شارەکەدا ھاتووە نەمێنێت و ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە.
لایەنە براوەکانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تا ئێستە نەگەیشتوونەتە ھیچ ڕێککەوتنێک ھەر یەکە و مەرجی خۆی ھەیە، پارتی سوورە لەسەر مەرجەکانی و دەیەوێت پارێزگارێکی کوردی بێلایەن کە جێگەی ڕەزامەندی ھەموو پێکھاتەکان بێت ئیدارەی شارەکە بدات. حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: ھەر لایەنێک و پێکھاتەیەک ڕا و بۆچوونی خۆی ھەیە، بەڵام بۆ یەکلایی کردنەوەی پۆستەکان پێویستە بە ڕێککەوتنی ھەموو لایەنەکان بێت، ئەوەی باسیش دەکرێت گوایە دەکەوێتە بۆشایی یاسایی زەحمەتە ئەوە ڕووبدات، لەبەر ئەوەی کەرکووک تایبەتمەندی خۆی ھەیە و ئەوانەی بە کاری گفتوگۆکانیش ھەڵساون ئاگاداری ئەو بابەتەن، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کوردێک ببێتە پارێزگاری کەرکووک.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، زیاتر دەڵێ: ھەوڵدەدرێت بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوە بکات بە مەبەستی نووسینەوەی دستبەکاربوونمان، چونکە ماوەی مانگێک زیاترە ناوەکانمان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پەسەند کراوە و ھێشتا دەستبەکاربوونمان نەنووسراوە، تەنیا سوێندی یاساییمان خواردووە، نامانەوێت بکەوینە بۆشایی یاسایی، تا یەکەم دانشتنیش نەکرێت ناتوانین دەستبەکاربوون بنووسین.
ڕوونیشیکردەوە: لە ڕۆژی ٣ی مانگی داھاتوو جارێکی دیکە لە بەغدا لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبنەوە، بڕیار وایە ھەر لایەنێک کارنامەی خۆی ئامادە بکات بۆ دانیشتن و بچن بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بگەنە ڕێککەوتنێک و ئەنجوومەن کۆبێتەوە و پۆستەکانی کەرکووک یەکلایی بکرێنەوە.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختی لەوەشکردەوە: جگە لە ڕێککەوتن ڕێگای دیکەمان لەبەردەم نییە و ١٨ ساڵی تەواوە ھەڵبژاردن لە کەرکووک نەکراوە، ئەگەر ئەمجارەش سەرکەوتوو نەبین دیسان زەرەرمەندی یەکەم کورد دەبێت، چونکە ئێمە لە کارەکان بەشدار نین و پارێزگار بەتاکڕەوی کارەکان دەکات، بۆیە ئێمە ئێستەش سوورین لەسەر ئەوەی پارێزگارێکی کوردی سەربەخۆ و تەکنوقرات دیار بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتی ھەموو خەڵکی کەرکووک بکات بەبێ جیاوازی، چەند دانیشتنێکی دۆستانەمان کردووە، پێکھاتەکانی دیکەش باس لەوە دەکەن کە پێویستە بگەینە ڕێککەوتن، بۆیە کەشەکە لەبارە و ئومێدێکی زۆرمان ھەیە لە کۆبوونەوەی داھاتوو بگەینە ڕێککەوتن.

ھەواڵی زیاتر