ئه‌نتۆنی بلینكن بۆ مه‌سرور بارزانی: هه‌رێمێكی ناوازه‌تان‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌یه‌

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌میانه‌ی دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌رێمێكی ناوازه‌تان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌یه‌ و له‌ پشتیوانیكردنتان به‌رده‌وام ده‌بین.

ئه‌مڕۆ دووشه‌م مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری له‌ واشنتن له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌كه‌دا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی گوت “پشتیوانیمان لە حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ڕێژه‌ی 360 پله‌ به‌رده‌وام ده‌بێت”.

هه‌روه‌ها گوتی “هه‌رێمی كوردستان هه‌رێمێكی ناوازه‌یه‌ له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و ئه‌مه‌ریكا پێزانینی بۆ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌”.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ رۆژی شه‌ممه‌ی رابردووه‌وه‌ به‌ بانگهێشتێكی فه‌رمی له‌ واشنتنی پایته‌ختی ئه‌مه‌ریكایه‌.

هاوشانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت، شاندێكی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌ سه‌ردانه‌كه‌دا به‌شدارن كه‌ پێكهاتوون له‌ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە، بەیان سامی عەبدولڕەحمان راوێژكاری سەرۆك وەزیران و تریفە عەزیز نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان له‌ ئه‌مه‌ریكا.

له‌ درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌دا، هه‌ر ئه‌مڕۆ دووشه‌م مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ عوزرا زه‌یا جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری ئاسایشی مه‌ده‌نی و دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤ كۆبووه‌وه‌.

بڕیاریشە سه‌رۆكی حكوومه‌ت و شاندی هه‌رێمی كوردستان لە درێژه‌ی ئه‌م سەردانەیاندا چەندان دیدار و كۆبوونه‌وه‌ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوە و كۆنگرێس ئەنجام بده‌ن، تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكانیش پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و دوایین گۆڕانكاری و پەرەسەندنەكانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەكە دەبێت