نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى نوێى فه‌ره‌نسا كۆبووه‌وه‌

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌م نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ديدارێكدا له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ پاتريك دورێل باڵيۆزى نوێى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق، وێڕای هيواى سه‌ركه‌وتن له‌ ئه‌ركه‌كه‌يدا، جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا دووپات كرده‌وه‌ و سوپاسی پشتگیریی به‌رده‌وامی فه‌ره‌نسای بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان کرد.

لاى خۆيه‌وه‌ دورێل خۆشحاڵيى خۆى به‌ ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك باڵيۆزى وڵاته‌كه‌ى له‌ عێراق نيشان دا و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ فه‌ره‌نسا به‌ بايه‌خ و گرینگييه‌كى زۆره‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و له‌ هاوكارى و پشتگيرييان به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌دا، هه‌ردوولا بيروڕايان ده‌رباره‌ى دۆخى سياسى و ئه‌منيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌تايبه‌تى گرینگيى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا گۆڕييه‌وه‌، هه‌روه‌ها باسيان له دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و لێكه‌وته‌كانى كرد.