چوارشه‌ممه‌ دوا واده‌یه‌ بۆ لێخۆشبوونی ٢٠%ی سزاكانی هاتوچۆ

چواس خالید – هەولێر

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٢٨ی شوبات دواواده‌یه‌ بۆ لێخۆشبوونی ٢٠%ی سزاكانی هاتوچۆ، كه‌ له‌ هه‌شتی ئابی پاره‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌رچووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ هاووڵاتیان ٢٠% كه‌متری سزاكانیان ده‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ زیادتربوونی ڕێگا دووسایده‌كان، ژماره‌ی ڕووداوه‌كانیش هه‌ڵده‌كشن.

شه‌ش مانگ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ هه‌شتی ئابی ٢٠٢٣، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی ٢٠%ی سزاكانی سه‌رپێچی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتووچۆی ده‌ركرد، به‌ پێی بڕیاره‌كه‌ ئه‌گه‌ر هاووڵاتییه‌ك سزای سه‌رپێچی هاتوچۆی سه‌د هه‌زار دینار بێت، ئه‌وا هه‌شتا هه‌زاردیناری عێراقی لێ وه‌رده‌گریرێت.
له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان، بڕیاره‌كه‌ تا ٢٨ ی شوبات درێژ بوویه‌وه‌ و به‌پێی بڕیاره‌كه‌ بێت، دوو ڕۆژی دی دوا واده‌یه‌ بۆ لێخۆشبوونی ٢٠%ی سزاكانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆ.
سزادانی سه‌رپێچیكاران له‌به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیانه‌ و ڕێوشوێنی تۆماركردنی سه‌رپێچی و سزادان و پێبژاردنی سه‌رپێچیكارانی هاتوچۆ، یه‌كێكه‌ له‌ ڕێگه‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ و پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتیان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.
ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ كه‌ له‌ جیهاندا هه‌شته‌م هۆكاری مردنه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستانیش قوربانیانی ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ كه‌م نین، به‌پێی ئاماره‌كانی به‌رده‌ست، له‌ ١٠ ساڵی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٠ دا، سی و هه‌شت هه‌زار و پێنج سه‌د و چل و یه‌ك ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویانداوه‌، كه‌ جیا له‌ زیانی گه‌وره‌ كه‌ به‌ سامانی تایبه‌ت و دواجار سامانی گشتی گه‌یاندووه‌، حەفتا و نۆ هه‌زار و ٨١١ كه‌سی بریندار كردووه‌ و بووه‌ته‌ هۆكاری گیان له‌ده‌ستدانی شه‌ش هه‌زار و حه‌وتسه‌د و بیست و چوار كه‌س بووه‌.
ئاماره‌كان ترسناك و هۆكاری ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ زۆرن، سه‌رباری خراپی هه‌ندێك ڕێگای نێوان شار و شارۆچكه‌كان، كه‌ یه‌كسایدن و هۆكارێكن له‌ زیادبوونی ڕووداوه‌كان، به‌ڵام زۆربه‌ی هۆكاری ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ له‌ هه‌رێی كوردستان، پابه‌ندنه‌بوونی شۆفێرانه‌ به‌ ڕێنماییه‌كانی هاتوچۆ وه‌ك، خێرایی و به‌كارهێنانی مۆبایل و هه‌ڵه‌ی شۆفێر و نه‌بوونی گواستنه‌وه‌ی گشتی، زۆری ژماره‌ی ئۆتۆمبێلیش هۆكارێكی دیكه‌ی زیادبوونی ڕووداوه‌كانن.
ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ به‌ هه‌وڵی كار و ته‌رخانكردنی بودجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، تا دێت ڕێگا یه‌ك سایده‌كانی نێوان شار و شارۆچكه‌كان كه‌متر ده‌بنه‌وه‌ و دووسایده‌كان زیادتر ده‌بن، به‌ڵام هاوشانی ئه‌وانه‌ ڕووداوه‌كانی هاتووچۆش به‌رزتر ده‌بنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك ڕێگای نێوان شاره‌كان به‌هۆی خراپی و چاڵوچۆڵی تێیاندا، به‌ ڕێگای مه‌رگ ناو ده‌برێن، به‌ڵام به‌پێی ئاماری هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان كه‌مترین ڕووداو له‌و شوێنانه‌ ڕوویانداوه‌ و زۆرترینی له‌ ڕێگا دووسایده‌كان كه‌وتونه‌ته‌وه‌.
هه‌ر بۆیه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رژه‌وه‌ندی و سه‌لامه‌تی هاووڵاتیانی، له‌ ڕێگه‌ دووسایده‌كان و له‌نێو سه‌نته‌ری شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كامێرای چاودێری داناوه‌ و ماوه‌یه‌كیشه‌ كامێرای خاڵ بۆ خاڵ خراوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
به‌پێی زانیارییه‌كانی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ هه‌شته‌م هۆكاری مردنن، كه‌ ساڵانه‌ ١،٣ ملیۆن كه‌س به‌هۆیانه‌وه‌ گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و په‌نجا ملیۆن كه‌سیش بریندار و كه‌مئه‌ندام ده‌كه‌ن.