تا ساڵی ٢٠٢٥ بەشی زۆری پرۆژەکانی نێوپلانەکە جێبەجێ دەکرێن

دوێنێ، بە سەرپەرشتی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەكان، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و بەڕێوەبەرانی گشتی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و دەستە و فەرمانگەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان؛ هەروەها نوێنەری نووسینگەی سەرەكیی جایكای ژاپۆن، بەڕێوەبەری ئۆفیسی جایکا لە عێراق و ژمارەیەكی دیكە لە بەرپرسان و ئەندامانی تیمی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی، كۆبوونەوەی پێنجه‌می لیژنەی هەماهەنگی هاوبەش تایبەت بە پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر بەڕێوەچوو.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە ڕاگەیەندراوێکدا، سەبارەت بە کۆبوونەوەکە، ڕایگەیاندووە؛ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا سوپاسی فەرمانگەكان و ئەندازیارانی حكومەت و تیمی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كرد كە بە هاوبەشی كار لە پرۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێردا دەكەن و تا ئێستا هەنگاوی زۆر باشیان لە جێبەجێكردنی پرۆژەكەدا ناوە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی دیکەی قسەكانیدا باسی لە ڕوانگە و بایەخدانەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد سەبارەت بە گرنگیی پرۆژەكە و جەختیكردەوە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە بایەخێكی زۆرەوە لە پرۆژەكانی ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكان دەڕوانێت”.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بە پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێریش ئاماژەی بەوە كرد، پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر لە دیدی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان جێی بایەخە و بەردەوام بەدواداچوونی بۆ دەكات و هەموو پاڵپشتییەكی خۆی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێشخستنی پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر دەردەبڕێت.
بەپێی ڕاپۆرتە پێشكەشكراوەكانی كۆبوونەوەی پێنجەم كە لە ڕێگەی داتاشۆوە نمایش كران، كارەكانی پرۆژەكەی ماستەرپلانی هەولێر بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیەوە دیوە لە دووبارە دیزاینكردنەوەی شاری هەولێر و كۆمەڵگە نیشتەجێبووەكانی نزیك پایتەخت، بەتایبەتی سەنتەری شاری هەولێر بە ڕەچاوكردنی تەواوی سێكتەرەكان بە تایبەتی شەقام و هۆیەكانی گواستنەوە و ڕێگەوبان و ناوچە سەوزایییەكان و فراوانكردنی شەقام و گواستنەوەی كارگە و دروستكردنی ناوچەی پیشەسازی و سەدان ئایكۆنی دیكەی خزمەتگوزاری كە تا ساڵی 2025 جێبەجێ دەكرێن و بەهۆیەوە شاری هەولێر لە هەموو ڕوویه‌كەوە دەبووژێتەوە.