لە زاخۆ پڕۆژەیەکی گەورەی ئاوەڕۆ بەگوژمەی سێ ملیار و پێنج سەد ملیۆن جێبەجێ دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە چوارچێوەی چارەکردنی کێشەی پەنگخواردنەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو لە سەنتەری شاری زاخۆ، پڕۆژەیەک بەگوژمەی زیاتر لە سێ ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت، پڕۆژەکە لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە و بڕیارە بەم نزیکانە تەواو بکرێت و بکەوێتە خزمەتی ھاووڵاتییانەوە.

پڕۆژەی ئاوەڕۆی قەزای زاخۆ یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی قەزاکە، دوای تەوابوونی سوودی زۆری بۆ زاخۆ دەبێت، بەتایبەتی لە وەرزی زستان و بارانبارین.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بە شۆڕکردنەوەی دەستەڵاتەکان داوە و بە ئیدارەبوونی زاخۆش یەکێکە لەو ھەنگاوانە، کە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دراوە. دوای دەستبەکاربوونی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری و گەشتیاری پێشکەش بە سنووری زاخۆ و ھاووڵاتیانی ئەو سنوورە کراوە وەکو قیڕتاوکردن و فراوانکردنی شەقامەکان بۆ ڕزگاربوون لە خۆڵ و قوڕ و قەرەباڵغی و سەوزکردن و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانەکان بەشێکی دیکەی ھەنگاوە جیدییەکانی حکوومەتە لە گەشەپێدانی زاخۆ.
لەڕووی ئابوورییەوە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پێگەیەکی گرنگی ھەیە، دەروازەی سنووری ئیبراھیم خەلیل کە یەکێکە لە گرنگترین دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە سنووری قەزای زاخۆیە کە ھەرێمی کوردستان بە تورکیا دەبەستێتەوە و ڕێگەیەکی بازرگانیی گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق.
بە دەیان ساڵ بوو سەنتەری شاری زاخۆ کێشەی پەنگخواردنەوەی ئاو و دروستبوونی لافاوی ھەبوو، بەڵام ئێستە بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە ئەو کێشەیە چارە دەبێت، پڕۆژەکە درێژییەکەی زیاتر لە شەش کیلۆمەترە، لەگەڵ تەبەقەیەک لە قیڕ و ڕێکخستنەوەی شۆستە و ڕووناکردنەوەی شەقامەکان لە خۆ دەگرێت و پڕۆژەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە. عەلی مستەفا، ئەندازیاری سەرپەرشت، دەڵێت: پێشتر لە کاتی باران بارین ئاو لە سەنتەری قەزای زاخۆ کۆدەبوویەوە و کێشە بۆ ھاووڵاتییان دروست دەبوو ئەو پڕۆژەیە بۆ ئەوە دروست کراوە ئەو کێشەیە نەمێنێت و ئاو بەڕێڕەوی خۆیدا بڕوات، لە ھەمان کاتدا ئاوی باران و ئاوی پیس ناچنە سەر ڕووباری زاخۆ و دەچنە سەر ھشکەڕۆی شارەکە.