ئاوات شێخ جه‌ناب: دەرگای وەزارەت و سەرجەم بەڕێوبەرایەتی و گەنجینەکان بۆ هەر وردبینی و بەدواداچونێک کراوەیە

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بە ئەوە داوە، ئەمڕۆ (یەكشەممە 25ـی شوباتی 2024) ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کرد لە شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، کە پێکهاتبوون لە (حه‌یده‌ر یوسف خه‌لخال و عه‌لا حوسێن محەمەد ) بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق.

لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، وەزیری دارایی جەختی لەو هەماهەنگی و هاوکارییە کردەوە کە ماوەی دوو ساڵە لە نێوان وەزارەتی دارایی و تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و رایگەیاند، دەرگای وەزارەت و سەرجەم بەڕێوبەرایەتی و گەنجینەکان کراوەیە بۆ هەر وردبینی و بەدواداچونێک.

سەردانی شاندی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە چوارچێوەی کاری ئاسایی و وردبینی تیمە هاوبەشەکانی نێوان دیوانی چاودێری دارایی (هه‌ولێر و به‌غدا)ـیه‌ بۆ ڕاپۆرتەکانی تەرازوی پێداچونەوەی مانگانە و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی داهات و خەرجیەکانی هەرێمی کوردستانە.

شاندەکە سوپاسی وەزیری دارایی و بەڕێوبەرایەتییەکانی وەزارەتیان کرد، کە هەمیشە هاوکار و پشتیوانی تیمە هاوبەشەکان بوون و هەمووکات دەرگایان بۆتیمەکان واڵا بووە. (هه‌روه‌ك وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی پێكردووه‌).