لە پەرەسەندنی ڕق و کینە بەرانبەر پێکهاتەکانی کوردستان هۆشداری دەدرێت

دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق یازدە کورسییەکەی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەووە کە بە کۆتا ناسراوبوون، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ماف و پێگەی ئەو پێکهاتانە تێکەڵاوی ململانێی سیاسی کراوە و ژمارەیەک لە هاووڵاتییان بێڕێزییان بەو پێکهاتانە کردووە کە مایەی نیگەرانی سەنتەر و رێکخراوەکان و خەڵکی خەمخۆر و نیشتمانپەروەر بووە.

وەک ئاشکرایە هەرێمی کوردستان بە شوێنی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئاین و ئاینزاکان ناسراوە و هیچ کاتێک پێکهاتە جیاوازەکان بە چاوێکی کەم سەیری پێکهاتەیەکی تریان نەکردووە و لە تەنیشت یەکتر برایانە و لەوپەڕی ڕێز و دۆستایەتییەوە ژیاون، ڕێزیان لە بۆنەکانی یەکتر گرتووە و لە خەم و شادییەکانی یەکتردا بەشار بوون.
ڕووداوێک کە لەم ڕۆژانەدا هۆکار بووە بۆ ئەوەی کەسانێک بە بێ لەبەرچاوگرتنی پێگە و ڕێزی پێکهاتەکان و مێژووی دێرینیان لە کوردستان، دەستیان بە گوتنی قسەی نەشیاو بەو پێکهاتانە کردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەڵکێک تەنیا لە پێناو گاڵتە و پێکەنین قسەی نەشیاو بەو پێکهاتانە دەڵێن، جۆری بێڕێزییەکان خەریکە لە حاڵەتەوە بۆ دیاردە دەگۆڕدرێن، ڕووداوێک کە بەکۆمەڵگەی کوردستان زۆر نامۆ بووە.

هەر لەو سۆنگەیەوە ڕێکخراوی میترۆ لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری داوە و نیگەرانە لە هەڵمەتی ڕق و كینە بەرانبەر پێکهاتەکان و داواش لە كۆمەڵگەی كوردستان دەكات نەبنە بەشێك لەو هەڵمەتە.

بەگوتەی ئەو ڕێکخراوە پێکهاتەی نەتەوەیی و ئاینی لە كۆمەڵگەی كوردستاندا ڕێزلێگیراو بوون ڕۆحی یەكترقبووڵكردن لێبوردەیی، پێكەوەژیانی ئاشتیانە، زاڵ بووە بەسەر ڕق و كینە، توندڕەوی، یەكترسڕینەوە و ئەمەش بە یەکێک لە سیما جوانەکانی کۆمەڵگەی کوردستان هەژمار دەکرێت.
سەنتەری میترۆ لە بەشێکی بەیاننامەکەیدا داوا دەکات ئەو هەڵمەتە شەرمەزار بکرێ و نەبنە بەشێك لەو گوتارە میدیایی و سیاسییەی كە برەو بەرق و كینە دەدات بەرانبەر كەمینەی نەتەوەیی و ئاینی لە هەرێمی كوردستان.
میترۆ ڕەخنەی سیاسی بەرانبەر ڕێژەی كۆتا لەو هەڵمەتی ڕق و كینە جیا دەكاتەوە و پێی وایە زیادەڕۆیی لە دەربڕینی هەندێک لە دژەكانی ڕێژەی كۆتا و تەنانەت لایەنگرانیشی، هانی شۆڕەسوارانی ڕق و كینەی داوە درێژە بەو هێرشانە بدەن. لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە “بڕیاری دادگای فیدراڵی بە هەڵوەشانەوەی كۆتای پێکهاتەکان نەتەوەیی و ئاینی دەبوو بكرێتە بۆنەیەك بۆ مشتومڕی سیاسی بنیاتنەر، نەك بۆنەیەك بۆ هەڵڕشتی ڕق و كینە بەرانبەر ئەو پێكهاتانەی كە پێكەوە ڕەنگینی كۆمەڵگاكەمان بەرجەستە دەكەن”.
جێی باسە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک لە کەسایەتی و سیاسەتمەدارانی پێک`هاتەکانی تورکمان و کریستیان بۆ میدیاکانی کوردستان نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەو هەڵمەتە بێڕێزییانە دەربڕیوە و داوایان کردووە هەر چی زووە کۆتایی پێ بهێنرێت و چیتر شعوور و ناخی پێکهاتەکان بریندار نەکەن کە بە دانیشتووانی ڕەسەنی کوردستان هەژمار دەکرێن.
ژمارەیەک لەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تا ئاستی گاڵتەپێکردن شتیان نووسیوە و بڵاو کردووەتەوە ئەوانەن کە لە تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتیی کوردستانیشدا ڕۆڵیان هەبووە و لە نێو کۆمەڵگەی کوردەواریش تۆوی ناکۆکی و دووبەرەکییان چاندووە و پەرەیان پێ داوە.
یەکێک لە جوانترین تایبەتمەندییەکانی کوردستان کە بە سیمایەکی شارستانی هەژمار دەکرێت ئەوە بووە کورد لە دێرینەوە ڕێزی لە پێکهاتە مەزهەبی و نەتەوەییەکانی نیشتەجێی کوردستان گرتووە و هیچ کاتێک بەو جۆرە هەڵسوکەوتی نەکردووە ئەو پێکهاتانە لە کوردستان زویر و نیگەران بن.