سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە پێکهاتەکان کاریگەری خراپی لەسەر عێراق دەبێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دادگەی فیدراڵی عێراق لەسەر پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چەند بڕیارێکی دەرکرد، بەگوێرەی بڕیارەکانیش ژمارەی کورسی کۆتاکان کە یازدە کورسی بوون ھەڵوەشێنراوە، بەو پێیەش ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە سەد و یازدە کورسییەوە بۆ سەد کورسی کەم کرانەوە. پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان، نیگەرانن لە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی و دەڵێن: ئەو بڕیارە سیاسییە و پێچەوانەی دەستوورە، شارەزایانی یاسا و دەستووریش، دەڵێن، بڕیارەکەی دادگە پێچەوانەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، بەپێی بڕیاری دادگە بێت دەبێت کورسی کۆتا لە پەرلەمانی عێراقیش ھەڵبوەشێتەوە.

ھەر لە دانیشتنەکەدا دادگەی فیدراڵی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی ھەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی ھەڵوەشاندەوە، بەگوێرەی بڕیارەکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتی کردنی خولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ.
دانیشتنی سکاڵای تایبەت بە یاسای ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان کە پەیوەندی بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی ھەڵبژاردنەوە بوو پێشتریش لە دادگەی فیدراڵی چەندین جار دواخرا بوو، سکاڵاکە یەکێک لەو ھۆکارانەی ڕێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنی عێراقی بۆ ھەڵبژاردنی کوردستان ڕاگرت بوو و خشتەی کارەکانیشی دواخست بوو.
دادگە لە دوازدەمین دانیشتنی بڕیاری لە بارەی سکاڵاکەی یەکێتی دا، بەپێی بڕیاری دادگە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە سەد و یازدە کورسییەوە کەمکرانەوە بۆ سەد کورسی، ئەوە لە کاتێکدایە دەست بردن بۆ یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاری دادگەی فیدراڵی نییە، ئەم بڕیارە پێچەوانەی دەستوور و یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، کە نۆ کورسی بۆ پێکھاتەی ئایینییەکان دیاری کردووە. بڕیارەکەی ئەم جارەی دادگەی فیدراڵی بە دڵی پێکھاتەکان نەبوو و پێیان وایە ستەمیان لێ کراوە، چونکە ئەوان بێبەشکراون لە یازدە کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان، ئەوان دەڵێن ئێمە تابلۆیەکی جوان بووین لە پێکەوەژیان و لە ھەرێمی کوردستان مافەکانمان پێدراوە. محەممەد ئیلیخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی، دەڵێت: لەو بڕیارە ڕازی نین، ئەمە بڕیارێکی سیاسییە، ئەمە خاڵێکی زۆر خراپە بۆ دادگەی ئیتحادی، ئەم بڕیارەی دادگەی ئیتحادی پێچەوانەی دەستوورە، وەکو تورکمان و ئەرمەنییەکان داوا لە سەرۆک بارزانی دەکەین ئەم کێشەیەمان بۆ چارە بکات و نابێت پەرلەمانی کوردستان بەبێ بوونی نوێنەرانی پێکھاتەکان بەردەوام بێت.
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، ڕایگەیاند: دوای زیاتر لە یازدەجار دواخستنی دانیشتنی دادگەی فیدراڵی، دادگەکە بڕیاری دژی کۆتا و پێکھاتەکان دا، لە دەرەوەی ئیرادەی پێکھاتەکان گۆڕانکاری بە کورسی کۆتاکان کرا، بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ کەمکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان نادادپەروەرییە و بڕیارێکی سیاسییە، بڕیاری دادگە دژی دیموکراسی ھەرێمی کوردستان بوو کاریگەری لەسەر پێکەوەژیانی پێکھاتەکان نابێت.
لەبارەی بەشداریی ئەوان لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا، ئایدن مەعرووف، ئاماژەی بەوە دا، ئەوان بەبێ کورسیی کۆتا بەشداری ھەڵبژاردن دەکەن.
ئانۆ جەوھەر، سەرۆکی ھاوپەیمانی حاموڕابی، گوتی: سەرۆک بارزانی یەکەمین کەس بوو کە پشتگیری لە مافی پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان کرد، ڕاگەیەندراوەکەی پارتی لە جێگەی خۆی بوو و بەرگرییان کرد لە مافی پێکھاتەکان، ھەروەھا بڕیاری دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە کورسی پێکھاتەکان دژی دەستوور و پێکەوەژیانە.
سەرۆکی ھاوپەیمانی حاموڕابی، ئاماژەی بەوەدا، دادگەی فیدراڵی بەھۆی سکاڵای یەکێتی ئەو بڕیارەی دەرکرد، بەڕاستی یەکێتی بەم کارە ھەڵەیەکی مێژووی کرد و لە تاقیکردنەوەی پێکەوەژیان دەرنەچوو.
ناوبراو باسی لەوەکرد، زۆرینەی ئەو کەسانەی کە لە ئێستەدا لە بەغدا حوکم دەکەن، ئەقڵییەتێکی یەکترقەبووڵکردنیان نییە، بەڵکو حەز دەکەن ئەم عێراقە تەنیا لەلایەن یەک نەتەوە بەڕێوەببرێت، ھەروەھا بیرۆکەی دیکتاتۆریەت لە عێراق بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، ئێمە بێدەنگ نابین و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێنینە سەر ھێڵ و لە پیشێلکردنی مافەکانمان خۆش نابین.
یەریوان نیسان، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە پێکھاتەی ئەرمەنییەکان، دەڵێت: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی عێراق بڕیارێکی شۆک ھێنەربوو بۆ پێکھاتەکان، پێمانوابوو تەنیا ئەرمەن و تورکمان نامێنن، بەڵام لەو بڕوایەدا نەبووین کرستییانەکان، کلد و ئاشوور نەمێنن، لەو بڕوایەدا نەبووین ئەوان ھەمووی بە یەکجار کورسی کۆتا نەھێڵن کە تایبەت بوو بە پێکھاتەکان، ئەوە بڕیارێکی نادروست بوو نەک تەنیا بۆ خەڵکی کوردستان، بەڵکو بۆ تەواوی خەڵکی دەرەوەی کوردستانیش، چونکە پەرلەمانی عێراق وەک دەبینرێت ھەموو جۆرە کەسێکی تێدایە، بەڵام پەرلەمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراقی نوێ، ڕابردووی کۆنترە کۆتای ھەبووە، وەک پەرلەمانی عێراقی نوێ نەبوو.
ئاشکراشی کرد: ئەوە شتێکی زۆر خراپە، کاریگەریشی دەبێت، ئەو کاریگەریەش بەڕۆژێک و دووان دەرناکەوێت، بەڵکو دوای ساڵێکی دیکە کاریگەرییەکانی دەردەکەوێت، لەسەر ئەرکی سیاسی و چاودێری سیاسی، یونامی و نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و مافی مرۆڤ و مافی ئایینەکانیش.
سارا دڵشاد، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە پێکھاتەی تورکمان، ئاشکرای کرد: بەرنامەمان ھەیە کۆبوونەوەیەکی فراوان بکەین، چ وەک پێکھاتەکان، چ وەکو نەتەوەی تورکمان، ئەو کاتە ھەڵوێستێکی یەکگرتوومان دەبێت لەسەر ئەم بڕیارەی دادگەی فیدراڵی، چونکە ئەم بڕیارە لێدانە لە مافەکانی پێکھاتەکان، کاریگەری خراپی لەسەر پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان دەبێت.
ڕوونیشی کردەوە: زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە کێ دژایەتیی پێکھاتەکان دەکات، یەکێتیی نیشتمانییە کە ھیچ کات لەگەڵ مافی پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان نەبووە، ھەمیشە پێکھاتەکانی بە کەمینە ناو بردووە، بابەتی کورسیی پێکھاتەکانی کردووەتە بیانوو بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەلەمانی کوردستان، بە دڵنیاییەوە بەرامبەر بەمە ھەڵوێستی خۆمان دەبێت، ئەم زوڵمە قەبووڵ ناکەین.
گوتیشی: دادگەی فیدراڵی زیاتر بووە بە دادگەیەکی سیاسی لەبری ئەوەی یاسایی بێت، زۆربەی بڕیارەکانی لە دژی ھەرێمی کوردستان دەرکردووە، ئەم بڕیارە کە لابردنی کورسیی پێکھاتەکانە، ئەوەش یەکێکی دیکەیە لەو بڕیارانەی دژی ھەرێمی کوردستان و پێکەوەژیانی پێکھاتەکانی ھەرێمەکە دەرکراوە.
مونا قەھوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانی، جەختی لەوەکردەوە: پاشگەزنابین لە ھەنگاوەکانی خۆمان، باوەڕمان بە پێکەوەژیانە، باوەڕمان بە پڕۆسەی دیموکراسییە، ئەم ھەنگاوەی دادگەی فیدراڵی تەواو پاشگەزبوونەوەیە لە پرۆسەی دیموکراسیی، بەداخەوە بۆ یەکێتی، چەندین جار ھەوڵماندا بە ھەموو شێوازێک لە ناوخۆمان ئەو کێشەیە چارە بکەین، پێویستی بەوە نەدەکرد بچێتە بەغدا و لەڕێگەی دادگە ئەم کێشەیە چارە بکرێت، بەڵام کە ئەو بڕیارە درا بە تەواوەتی نادەستووری بوو، چونکە پێچەوانەی دەستوورە، یاسایەکی نوێ بۆ پەرلەمانی کوردستان دەرکرا، نەک یاساکە ھەموار کرایەوە، چاوەڕێ بووین کە یاسای ساڵی ١٩٩٢ جێبەجێ بکرێت ئەویش جێبەجێ نەکرا، وەکو پێکھاتەکان بەردەوام دەبین لە خەباتی سیاسی و پاشگەزنابینەوە.