خزمەتەکانی کابینەی نۆیەم لە کەرتی تەندروستی بۆ پارێزگای هەڵەبجە

کابینەی نۆیەم لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە گرنگییەکی زۆری بە کەرتی تەندروستی لە هەڵەبجە داوە، بەهۆی کیمیابارانەوە تاوەکو ئێستاش سەدان کەس ئازار دەچێژن و لەژێر چاودێریی پزیشکدان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەیەکی بە بڕی دوو ملیار و 687 ملیۆن دینار بۆ بەرکەوتەی کیمیایی، کۆرۆنا و نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک تەرخانکردووە، جگە لە چەندین خزمەتی دیکەی خەڵکی ناوچەکە لەم بوارە.

هەڵەبجە، ئەو پارێزگایەی هێشتا برینەکانی کیمیابارانی ساڕێژ نەبوون، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە، جیا لەبوارەکانی دیکە سەرنجی تەواوی لەسەر کەرتی تەندروستی هەڵەبجە بووە، چەندین دەستکەوتی گرنگیشی هەبووە لە خزمەتی کردنی خەڵکی ناوچەکە لە بوارە جیاوازەکانی کەرتی تەندروستی.

لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، لە سەردەمی کۆرۆنا 180 کارمەندی پزیشکی و فەرمانبەر دامەزران، ئەمەش لەپێناو زیاتر خزمەتکردن و چارەسەرکردنی هاووڵاتییانی هەڵەبجە و ناوچەکانی دەوروبەری.

هاوکات دوو ملیار و 687 ملیۆن دینار وەک بودجەیەک بۆ کۆرۆنا، بەرکەوتەی کیمیایی و نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک تەرخانکراوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، گرنگییەکی زۆریش بە ژێرخانی پیشەسازی کەرتی تەندروستی دراوە، بەجۆرێک 385 ملیۆن دینار بۆ دروستکردن و دابینکردنی کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین تەرخانکراوە.

چەندین سەنتەر و هۆڵی نەستەرگەریش دروستکراون و کراونەتەوە، لەوانەش، دروستکردنی هۆڵی نەشتەرگەری منداڵبوون، کردنەوەی فریاکەوتنی خێڕا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، کردنەوەی سەنتەری بانکی خوێن لە 2022، کردنەوەی سەنتەری تالاسیمیا لە 2022، کردنەوەی شەش ژووری چاودێری چڕ (ICU) لە نەخۆشخانەی چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیایی.

هەروەها، بە بەهای شەش ملیار و 985 ملیۆن دینار ئامێر و پێداویستی پزیشکی بۆ کەرتی تەندروستی هەڵەبجە دابینکراون، بودجەی دەرمانیش مانگانە لە 90 ملیۆن دینارەوە بۆ 193 ملیۆن دینار زیادکراوە.

لە رووی خزمەتگوزاری تەندروستیشەوە، بەبەهای 90 ملیۆن و 208 هەزار دینار، دوو ئەمبۆڵانس بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە دابینکراوە.

جیا لە هەموو ئەوانەش، لە سەرجەم نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی قەزا و ناحیە و گوندەکانی هەڵەبجە هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ئاسایی هاووڵاتییان سوودمەندبوون لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە ئەنجامدانی پشکنین، نەشتەرگەری، دابنیکردنی دەرمان و چاودێری تەندروستی.

ھەواڵی زیاتر