لە ڕۆژی ژینگەی هەولێر…پارێزگار و سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم، جەختیان لە پاراستن و پاک ڕاگرتنى ژینگەى شار کردەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.2.22، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە ڕۆژی ژینگەی هەولێر بەئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە عەبدرالرحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارەکەدا، کە بەرپرسانی فەرمانگە و ڕێکخراوە ژینگەییەکان و چالاکوانانی ژینگە پارێز و پۆلیسی ژینگە پارێزی سنووری پارێزگای هەولێر ئامادەی بوون، باس لە پرسی ژینگەی هەولێر و چۆنیەتی پاراستن و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و پاک ڕاگرتنى ژینگەى شار کرا، هەردوولاش جەختیان لەوە کردەوە کە پرسی ژینگە و پاراستنی ژینگە بکرێت بە بابەتێکی کولتووری و سەرجەم تاکەکانی وڵات تێیدا بەشداربن، تاوەکو ببین بە خاوەنى شارێکی جوانتر و هەوا و ژینگەیەکی پاک و تەندروست.

دواتر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى هاوبەشدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم، تیشکی خستەسەر ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان لە پێناو گرنیدان و پاراستنی ژینگە لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم ڕۆژێکمان دەستنیشانکردووە بە ڕۆژی ژینگەی شارەکە، ڕۆژی 22ـی شوباتی هەموو ساڵێکیش بە ڕۆژی ژینگەی هەولێر دیاریکراوە و لەم ڕۆژەدا چەندین چالاکی جۆراو جۆری ژینگەی ئەنجامدەدرێت.

لەلایەن خۆشیەوە، پارێزگای هەولێر، دەستخۆشی لە سەرجەم فەرمانگە و ڕێکخرا و چالاکوانانی ژینگە پارێزی سنووری پارێزگای هەولێ کرد، لە هەموو ئەو هەوڵ و کار و چالاکیانەی لە پێناو پاراستنی ژینگە و پاکڕاگرتنی ئەنجامیانداوە، هەروەها سوپاسی سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کرد بۆ هەماهەنگی و هاوکاریی بەردەوامیان لەگەڵ پارێزگای هەولێر و داواشی لە هەموولایەک کرد پاک و خاوێنی ژینگەی شارەکەمان ببپارێزن.

ھەواڵی زیاتر