مەکتەبی سیاسی پارتی: بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق پێچەوانەی دەستوور و مافەكانی هەرێمی كوردستانە

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای کۆبوونەوەی بە سەرپەشتی سەرۆک بارزانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق پێچەوانەی دەستوور و مافەكانی هەرێمی كوردستان و بنەماكانی فیدراڵییە، كە لە دەستووردا جێگیركراون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، تەوەرێکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی پارتی، تایبەت بووە بە تاوتوێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، كە دوێنێ لە بارەی پرۆسەی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی کوردستان و کورسی پێکهاتەکان و مووچەی مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرچوون.

مەكتەبی سیاسیی پارتی جەختی لە سەر چەند خاڵێک دەکاتەوە، لەوانە داكۆكیكردن لە مافی پێكهاتەكان و پشتیوانیكردنیان لە بەشداریی و هاوبەشییان لە دامەزراوە دەستوورییەكان.

لە خاڵێکی دیکەدا پشتیوانییان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتکردووەتەوە بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستوور.

هەروەها مەکتەبی سیاسی پارتیدا رایدەگەیەنێت، “بڕیاری پەیوەست بە یاسای ژمارە (1) ی سالی 1992ی هەڵبژاردن و گۆڕینی بەشێك لە بڕگەكانی، پێچەوانەی دەستوور و سروشتی لێكجیایی دەسەڵاتەكانە”.

ئەمەش دەقی راگەیەندراوەکەیە:

راگەیێندراوێك لە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

سەبارەت بە دوایین پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی عێراق و ناوچەكە، مەكتەبی سیاسیی پارتیمان ڕۆژی پێنجشەممە 22ی شوباتی 2024 بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی كۆبوویەوە. یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوە، تاوتوێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بوو كە لە رۆژی چوارشەممە 21ی شوباتی 2024 دەرچوون.

ئەم بڕیارانە پێچەوانەی ڕۆحی دەستوور و مافە دەستووریەكانی هەرێمی كوردستان و بنەماكانی فیدراڵی و پڕەنسیپی لێكجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانن كە لە دەستووری عێراقدا جێگیر كراون.

لەسەر ئەم تەوەرە، مەكتەبی سیاسیی پارتیمان جەخت لەم خاڵانە دەكاتەوە:

1. داكۆكیكردن لە مافی پێكهاتەكان و پشتیوانیكردنیان لە بەشداریی و هاوبەشییان لە دامەزراوە دەستوورییەكان.

2. پارتیمان پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات تا وەكو لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عێراق گفتوگۆكانی لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستوور، بەردەوام بێت.

3. بڕیاری پەیوەست بە یاسای ژمارە (1) ی سالی 1992ی هەڵبژاردن و گۆڕینی بەشێك لە بڕگەكانی، پێچەوانەی دەستوور و سروشتی لێكجیایی دەسەڵاتەكانە.

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان