زیاتر لە ملیۆنێک دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای کەرکووک کێشەی هەیە

لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ کەم ڕۆژ ھەبووە عەرەبی ھاوردە بە نووسراوی دادگەکان و پارێزگاری سەپێنراو نەھێنە سەر زەوی و زاری کوردەکان، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بڕوات وەکو بەشێک لە کوردەکان دەڵێن، عەرەب دەبێتە زۆرینە و خاوەن ماڵ، کوردیش دەبێت بە میوان لە کەرکووکدا. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: پەکخستنی ئەنجوومەن کاریگەری لەسەر تەواوی پڕۆژەکان و فەرمانگەکانی شار ھەیە، بە ھەموو توانایەکەوە ھەوڵ دەدەین دانیشتنێک ڕێکبخەین و پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکەمان دابنێین، بۆ ئەوەی چی دیکە ماڵ و موڵکی کورد تەعریب نەکرێت و دەستی ئاوەدانیش بگاتە ھەموو شوێنێکی پارێزگاکە، بەتایبەتی گەڕەکە کوردنشینەکان.

لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بەھۆی نەبوونی دەسەڵاتی کوردی لە کەرکووک گەڕەکە کوردییەکان لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بێبەشکراون بە ھەڵبژاردنی پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە پێشبینی دەکرێت بارودۆخەکە بەرەو باشتر ھەنگاو بنێت.
دانیشتووانی گەڕەکە کوردییەکان لە کەرکووک نیگەرانن لە نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و دەڵێن، تەنانەت لە گەیاندنی خزمەتگوزاریش جیاوازی لە نێوان گەڕەکەکانی کەرکووک دەکرێت بەشێوەیەک ئەو گەڕەکانەی تەواو کوردنشینن بێبەش کراون لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان. سەید محەممەد، ھاووڵاتییەکی کوردی کەرکووکە، گوتی: کەرکووک بێ خاوەنە، بەتایبەتی گەڕەکە کوردییەکان، لە کاتی بارینی باران ھەموو ڕێگاوبانەکان دەبنە قوڕ و لیتە، جگە لەوەی لەناو بازاڕ و شوێنەکانی دیکە پاشماوە و زبڵێکی زۆر کۆبووەتەوە و کەس نییە فڕێی بدات، جگە لەمەش بەشێک لە ھاووڵاتییانی تورکمان و عەرەبیش لە سیاسەتەکانی ئیدارەی ئێستەی کەرکووک زەرەرمەند بوونە و دەیانەوێت دۆخی شارەکە بەوشێوەیە نەمێنێت و بەرەو باشی بچێت، ئەگەر ئەم شارە خەڵکێکی دڵسۆزی خۆی نەبێت لەمە خراپتری بەسەر دێت، بۆیە داوا دەکەین ھەرچی زووە لایەنەکان، بەتایبەتی لایەنە کوردستانییەکان ڕێک بکەون و پارێزگارێکی کورد بۆ ئەو شارە دابنێن، کە ئەوە ھیوا و ئاواتی ھەموو کوردێکی دڵسۆزە.
جگە لە نەبوونی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە گەڕەکە کوردنشینەکان، لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کێشەی زۆر بۆ جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک دروستبووە، بەجۆرێک ھێشتا جووتیاران لەژێر ھەرەشەی تەعریبدان و چاوەڕێی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی حیزبی بەعسن، لە کەرکووک و دەوروبەری زیاتر لە یەک ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی چارەنووسی نادیارە، لە ھەموو ئەو ناوچانەی کورد لێی نیشتەجێیە ھەمان کێشە و گرفت ھەیە، ھەمەڕ و ئۆتۆمبێلی سەربازی بەردەوام لەنێو زەوی و زاری جووتیارانی کورد دەگەڕێن و ڕێگری لە کاری کشتوکاڵی دەکەن، جووتیارانیش، دەڵێن: نازانین ئەو فەرمانەیان لە کوێ ھێناوە، سەربازانی عێراق دێن و حیساب بۆ ھیچ کەس و لایەنێک ناکەن.
تەعریب و داگیرکاری خاکی کوردستان، لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە دەستی پێکردووە، لە ساڵی ١٩٣٠ لەسەردەمی ڕژێمی بەعس گەیشتووەتە لوتکە، دوای ڕووخانی بەعس دەستەڵاتدارانی عێراق ھەمان شت دووبارە دەکەنەوە، چارەکردنی ئەم کێشەیە لە پەرلەمانی عێراقەوە دەبێت لە دانیشتنی پەرلەمان دەنگ لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی حیزبی بەعس بدرێت، بەڵام ھێشتا ئەو کارە نەکراوە، نەجوە حەمید، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ناتوانین ھەموو ماددەکان بە یەکجار دەنگی لەسەر بدەین، بەڵکو لیژنەی یاسایی ماددە ماددە بۆمان ڕێکدەخات، دوایی خوێندنەوەی یەکەم و دووەم دەنگ لەسەر ھەموو ماددەکان دەدرێت، ئەو کاتە بڕیارەکانی حیزبی بەعس ھەڵدەوەشێنەوە.
پەکخستنی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ھێندەی دیکە کێشەکانی ئەو شارەی گەورەتر کردووە، فراکسیۆنەکان جێبەجێ کردنی بەڵێنەکان بە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن دەبەستنەوە. حەسەن شێخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند: پەکخستنی ئەنجوومەن کاریگەری لەسەر تەواوی پڕۆژەکان و فەرمانگەکانی شار ھەیە، بۆیە بە ھەموو توانایەکەوە ھەوڵ دەدەین کە بتوانین دانیشتنێک ڕێکبخەین و لە ئەنجامی لێک تێگەیشتن و گفتوگۆ پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکەمان دابنێین، بۆ ئەوەی چی دیکە ماڵ و موڵکی کورد تەعریب نەکرێت و دەستی ئاوەدانیش بگاتە ھەموو شوێنێکی پارێزگاکە، بەتایبەتی گەڕەکە کوردنشینەکان.
فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ڕوونیکردەوە: ھیچ ناوچەیەکی کوردستان نەماوە عەرەبی لێنەبێت، لەو ناوچانە کێشەی زەوی و زار، زمانی کوردی، کێشەی جیاکاریمان ھەیە، واتە ئەو ناوچانە ھەمووی کێشەن و لە بیست ساڵی ڕابردوودا کەمترین کێشە لەو ناوچانە چارەکراون.
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، دووپاتیشیکردەوە، ھەژموونی تەعریب لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەردەوامە، بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی سەورەی حیزبی بەعس بە یاسا دەرچووە، دەبێت بە یاساش ھەڵبوەشێتەوە.

ھەواڵی زیاتر