لە پارێزگای هەولێر هەڵمەتی نیشتیمانی نووسین و گۆڕینی تابلۆکان بۆ کوردی دەرەنجامی باشی هەبووە

لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، پاریزگای هەولێر، باس لە کاریگەریی بڕیارەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بە گۆڕینی زمانی نووسینی تابلۆ و شوێنە پیشەیی و جۆراوجۆرەکان و ڕایدەگەیەنێت ئەو هەڵمەتە دەرئەنجامی باش و دڵخۆشکەری هەبووە.

پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاندووە؛ لە سەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو گرنگیدان بە زمانی دایک و پاراستنی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان و پاڵپشت به‌ یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان/عێراق ژمارە (6)ی 2014 و ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ گۆڕین و نووسینی تابلۆکان بە زمانی کوردی لە سەرجەم شوێنە بازرگانیی و گشتییەکان، دوای وەرگرتنی ڕێوشوێنی پێویست و جێبەجێکردنی فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، لە 2023.2.25 سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنووری پارێزگاکەمان ڕاسپێردران، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی نیشتیمانیدا و لە ڕیگەی تیمەکانیانەوە هەموو شوێنه‌ گه‌شتیاریی و گشتییه‌كان و دامەزراوەکانی تری کەرتی تایبەت، ئاگادار بکرێنەوە، پابەندی بڕیارەکەبن و تابلۆی شوێنەکانیان بگۆڕن بۆ کوردی.
دەشڵێت؛ سوپاس بۆ ئەو هاوڵاتی و کاسبکارانی هەولێر، کە هاوکار و هەماهەنگ بوون بۆ سەرخستنی هەڵمەتەکە و پابەند بوون بەبڕیارەکان، دەستخۆشیش لە تەواوی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنووری پارێزگاکەمان دەکەین کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا تاوەکو ئەمڕۆ هەڵمەتی نیشتیمانی نووسین و گۆڕینی تابلۆکان بۆ کوردی دەرەنجامی باش و دڵخۆشکەری هەبووە و توانراوە لەو ماوەیەدا (4664) “چوار هەزار و شەش سەد و شەست و چوار” شوێن پابەندی بڕیارەکەبن و تابلۆکانیان بگۆڕن بۆ زمانی دایک و (155) “سەد و پەنجاو پێنج” شوێنیش بەهۆی پابەند نەبوونیان بە بڕیارەکەوە سزابدرێن، لە ئێستادا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە ڕوونی هاوڵاتی و هاوشاریان و گەشتیاران هەست بەو گۆڕانکارییە دەکەن و ئەوەش بۆتە ماییەی خۆشحاڵی هەموو لایەک.
لە کۆتاییدا، پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاندووە؛ وێڕای ئەوەی بەبۆنەی ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک، پیرۆزبایی لە گشت نه‌ته‌وه‌ و گه‌لانی جیهان و عیراق و کوردستان بەگشتیی و هەولێری پایتەخت به‌تایبه‌تی به‌ “كورد، توركمان، سریان و ئه‌رمه‌ن”ه‌وه‌ ده‌كه‌ین، جارێکی دیکە جەخت لە بەردەوام بوونی هەڵمەتی نیشتیمانی گۆڕین و نووسینی تابلۆکان بە زمانی کوردی دەکەینەوە و سەرجەم خاوەن “دوکان، چێشتخانە، هوتێل، مارکێت، ڕێستورانت، کۆمپانیا و شوێنە گشتییەکان”ی تری سنووری پارێزگای هەولێریش ئاگادار دەکەینەوە، ئەوانەی تاکو ئێستا تابلۆکانیان نەکردۆتە کوردی، پابەندی بڕیارەکەبن و وەک ئەرکێکی نیشتیمانیی تابلۆی شوێنەکانیان بگۆڕن بۆ کوردی، بەپێچەوانەوە هەرکەس و خاوەن شوێنێک تابلۆكانی نه‌گۆڕێت، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.

ھەواڵی زیاتر