بارانی ئەمساڵ گژوگیا بەهارییەکانی پێگەیاندووە و سەرچاوەکانی ئاویشی بووژاندووەتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

جووتیارانی کوردستان، دڵخۆشن بەوەی کە ئەمساڵ بارانێکی زۆر باریوە و دەڵێن، ئەمساڵ بەھۆی بارینی بارانێکی زۆر ساڵێکی خێر و بەرەکەت دەبێت بۆ ئێمە و بەرھەمە کشتوکاڵییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەبن.

شارەزایانی کەشناسی، دەڵێن: ئەمساڵ بارینی باران لە کاتی خۆیدا بوو، ڕێژەیەکی باشیش باران باریوە، کە ھیچ کاتێک لەم وەرزەدا ئەوەندەی ئەمساڵ باران نەباریوە، ئەوەش وای کردووە کە بەنداوەکان پڕ ئاو ببن و زۆربەی کانی و کانیاو و کارێزەکان ئاوەکەیان زیاد بکات و ئاوێکی سازگار و زۆریان لەبەر بڕوات، کە بەقسەی گوندنشینان ھیچ کاتێک لەم وەرزەدا کانیاوەکان نەژیاون، بۆ ئاژەڵدارانیش ساڵێکی خۆش دەبێت، بەگوتەی خۆیان ھێشتا نەبووەتە مانگی سێ دەشت و دۆڵ و چیاکان کەسک بوونە.
ئەگەرچی کانیاوەکان زیاتر لە وەرزی بەھار ژیاونەتەوە و ئاوەکەیان زیاد دەکات، بەڵام ئەمساڵ زۆری ڕێژەی باران بارین ژیانەوەی ئەوانی پێش خستووە. لە سنووری قەزای مێرگەسۆر بەپێی ئەو ئامارەی لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سنوورەکە دەست “ھەولێر” کەوتووە ئەمساڵ ھەزار و حەوت سەد و چل و ھەشت ملم باران باریوە، لەگەڵ چل و پێنج سانتیمەتر بەفر باریوە، پار تا ئەم کاتە تەنیا شەش سەد و پەنجا و ھەشت ملم باران باری بوو، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە دوو بەرانبەر زیاتر باران لە سنوورەکە باریوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر زیادبوونی ئاوی سەرزەوی ھەیە و وای کردووە کە بەڕێژەیەکی بەرچاو ئاوی سەر زەوی زیاد ببێت.

ھەواڵی زیاتر