21 ملیۆن کەس بە زمانی کوردی قسە دەکەن

بەگوێره‌ی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانی سویدی بۆ ریزبەندی زمانە جیهانییەکان، 21 ملیۆن كه‌س بە زمانی کوردی قسه‌ دەکەن. له‌ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقیش مادده‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ به‌كارهێنانی  زمانی كوردی له‌ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كاندا جێگیركراوه‌، به‌ڵام تا ئێستا به‌گوێره‌ی ده‌ستوور مامه‌ڵەی‌ له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌.

لە دوای روخانی رژێمی بەعس، به‌هه‌وڵی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان، لە ساڵی 2004 یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی کاتیی دەرچوو. له‌ یاساكه‌دا زمانی عەرەبی و کوردی بە زمانی فه‌رمی لە سەرتاسەری عیراق ناسێنران، دواتریش ئەو بڕگەیە لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا جارێكی دیكه‌ چەسپێنرایه‌وه‌، بەڵام ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت هێشتا هەندێک لە وەزارەت و دامودەزگا فیدراڵییەکانی عێراق ئەو ماددە و بڕگەیەی دەستوور پێشێل دەکه‌ن کە تایبەتە بە فه‌رمی ناسینی زمانی کوردی لە بەڵگەنامە و نووسراوە رەسمییەکانی عێراقی فیدراڵدا.

دوای سه‌ده‌یه‌ك له‌ قوربانیدان و شۆڕشی یه‌ك له‌دوای یه‌ك له‌پێناو پاراستنی كەلتوور و زمان و خاكی كوردستان، له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق، زمانی كوردی له‌ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق هاوشانی زمانی عه‌ره‌بی جێگیركرا و مادده‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ دانرا. به‌گوێره‌ی مادده‌ی 4ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقی ساڵی 2005 به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌ به‌كارهێنانی زمانی كوردی له‌ داموده‌زگا و پێگه‌ فه‌رمییه‌كانی عێراق ده‌كات:

زمانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمین لە عێراق و مافی عێراقییەکان لە فێرکردنی رۆڵەکانیان بە زمانی دایکیان پارێزراوه‌. دەرکردنی رۆژنامەی فەرمی بە هەردوو زمان. له‌گه‌ڵ قسەکردن و وتووێژه‌ فەرمییەکان له‌ ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەنجوومەنی وەزیران و دادگاکان و کۆنگرە فەرمییەکان. داننان بە بەڵگەنامە فەرمییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی نامەو دەرکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان بە هەردوو زمان له ‌وڵات. کردنەوەی قوتابخانە بە هەردوو زمان بەگوێره‌ی یاسا پەروەردەییەکان. هەر بوارێکی دیکە کە بنەمای یەکسانی بیگرێتەوە، وەک دروستكردنی دراو، رەگەزنامە، پول. هه‌روه‌ها له‌ مادده‌ی 4دا هاتووه‌، دامودەزگا فیدڕاڵی فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان هەردوو زمانەکە بەکاردەهێنن.