باڵیۆزی ژاپۆن: پشتیوانی مه‌سرور بارزانی ده‌كه‌ین بۆ‌ پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان

باڵیۆزی ژاپۆن له‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ سه‌ره‌ڕای ئاڵنگارییه‌كان، هه‌رێمی كوردستان هەنگاوی گرینگی بە ئاراستەی گەشە و پێشكەوتن ناوه‌، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ پشتیوانی ته‌واوی مه‌سرور بارزانی ده‌كه‌ن بۆ پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌مشه‌و سێشه‌م بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی نوێنەری سەرۆك بارزانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە سیاسی و دبلۆماتکاران و پیاوانی کار، لەلایەن کونسوڵگەری ژاپۆنه‌وه‌ بۆنەیەكی تایبەت له‌ شاری هه‌ولێر ئه‌نجامدرا.

له‌ بۆنه‌كه‌دا فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق له‌ وته‌یه‌كدا گوتی: هەرێمی كوردستان رێگەیه‌كی دوور و درێژی بڕیوە تا گەیشتووەتە ئەم دۆخە سەقامگیر و پێشكەوتنه‌ی ئێستا.

هه‌روه‌ها گوتی: ژاپۆن وەك دۆستێكی راستەقینە هەموو كات پشتیوانی كوردستانی كردووە بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی خۆشگوزەران و ئاسایش و ئارامی هەبێت.

گوتیشی: هاوكار و پشتیوانی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مه‌سرور بارزانی سەرۆك وەزیران دەكەین بۆ بەدیهێنانی گەشە و پێشكەوتنی بەردەوام، سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەكان.

باڵیۆزی ژاپۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد‌ كه‌ “ژاپۆن ئامادەیە بۆ هاوكاریكردنی كوردستان لە پەرەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتیدا بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانمان زیاتر بەهێز بن.

ماتسۆمۆتۆ له‌ كۆتاییدا جه‌ختی كرده‌وه كه‌ چاویان لەوەیە داهاتوویەكی گەشتر و باشتر بۆ هه‌رێمی كوردستان ببینین .