روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مشه‌و سێشه‌م روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی به‌ بوتڵكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ بڵاو كرده‌وه‌، راشیگه‌یاند كه‌ پڕۆسه‌ی دروستكردن و گواستنه‌وه‌ و هه‌ڵگرتنی ئاوه‌ بوتڵكراوه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی عێراقی ئه‌نجام ده‌دریت.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رایگه‌یاند: لە یەكێك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن میوانی بەرنامەكە زانیاری هەڵە و ناڕاستی لەسەر بەكارهێنانی كلۆر بۆ خاوێنكردنەوە (تعقیم) ئاوی بوتڵكراو بڵاو كرده‌وه‌.

راشیگه‌یاند: ئەو مێوانه‌ بێ ئاگابووه‌ لە زانیاری و ڕێنماییەكان تایبەت لە پرۆسەی دروستكردن و گواستنەوە و هەڵگرتنی ئەم بەرهەمە كە بە پێی تایبەتمەندی عێراقی دەستنیشان كراوە.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی تایبەتمەندیی عێراقی ژمارە (1937) ساڵی 2019 تایبەت بە ئاوی بوتڵكراو بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌مه‌ی خواره‌وه‌:-

1- بەكارهێنانی (مركبات الكلورین) قەدەغەكراوە لە گشت قۆناغەكانی پرۆسەی چارەسەركردن و خاوێنكردنەوەی كۆتایی ئاوی بوتڵكراو.

2- پرۆسەی چارەسەركردن و بە پاڵاوتن بە بەكارهێنانی فلتەری كەمتر لە یەك مایكرۆمەتر یان بە RO دەبێت ئەنجام بدرێت.

3- خاوێنكردنی ئاو لە قۆناغەكانی كۆتایی بە ئۆزۆن یان بە تیشكی سەروو وەنەوشەیی دەكرێت.

4- شێوەی هەڵگرتن و گواستنەوەی ئەم بەرهەمە لەم تایبەتمەندییە ئاماژەی پێ كراوە و هەڵگرتنی لەبەر تیشكی خۆر قه‌ده‌خه‌ كراوە و ئەنجامدانی ئەم كارە به‌ سەرپێچی هەژمار دەكرێت.

5- ئەو (PET) و كۆنتێنەرانەی بۆ هەڵگرتنی بەكار دەهێنرێت، بە پێی ئەم تایبەتمەندییە دەبێت تەندروست بێت و كارلێك نەكات لەگەڵ ئاوی هەڵگیراو و هیچ بەرهەمی لاوەكی زیانبەخش بە تەندروستی دروست نەكات.

6- بە پێیCode of Federal Regulation ـی ئەمه‌ریكی و یاساكانی FDA تایبەت بە ئاوی بوتڵكراو ئۆزۆن بە ڕێگەیەكی نموونەیی هەژمار دەكرێت بۆ پاكژكردنەوە (تعقیم) ئاوی بوتڵكراو هەروەها لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیشەوە (WHO) ئاوی بوتڵكراو ئۆزۆن یەكێكە لە ڕێگەكانی پاكژكردنەوە (تعقیم)كردنی ئاوی بوتڵكراوە.

بەگوێرەی یاساكە ڕوون دەبێتەوە ئەو بەڕێزەی چاوپێكەوتنەكەی ئەنجامداوە، پێچەوانەی تایبەتمەندی عێراقییە كە ئەو داوای بەكارهێنانی كلۆر دەكات ئەمەش لە هیچ قۆناغەكانی پرۆسەی چارەسەكردنی ئاوی بوتڵكراو ڕێگەپێدراو نییە، هاوكات داوای بەكارنەهێنانی ئۆزۆن دەكات كە ئەمەش پێچەوانە دەبێت كە ئۆزۆن یان فلتەر یانRO  بەكار بهێندرێت.