به‌ردی بناغه‌ی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ له‌ قه‌زای باتیفان داندرا

چواس خالید – هەولێر

به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ دوو ملیار دیناری عێراقی، به‌ردی بناغه‌ی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سنووری قه‌زای باتیفا ی سه‌ر به‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ داندرا و سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌كه‌ ده‌ڵێ “به‌رده‌وام ده‌بین له‌ خزمه‌تكردنی دانیشتوانی ناوچه‌كه‌”.

١٩ شوباتی ٢٠٢٤، له‌ مه‌راسیمێكی تایبه‌تی دانانی به‌ردی بناغه‌ی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری و به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌، گوهدار شێخۆ، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له‌ ناحیه‌ی بێگۆڤه‌ و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری قه‌زای باتیفا، به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی دروستكردنی ئاوه‌ڕۆ له‌ سه‌نته‌ری باتیفا و بنیاتنانی قوتابخانه‌یه‌ك له‌ ناحیه‌ی بێگۆڤه‌ داده‌نێین.
ئه‌و پڕۆژانه‌ی له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ به‌ردی بناغه‌یان بۆ داندرا و له‌ ما‌وه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌چنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌ تێچووی زیادتر له‌ دوو ملیار دیناری عێراقی ده‌خرێنه‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه‌.
له‌ گوتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ سه‌رنجیان له‌سه‌ر بنیاتنان و ڕۆنانی پڕۆژه‌كانی ڕێگاوبان و ئاو و كاره‌با و په‌روه‌رده‌ و هتد…یه‌، بۆ ناوچه‌كه‌ و خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا قه‌زای باتیفا پێشوه‌چوونێكی باشی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و ده‌ڤه‌ری باتیفا له‌ ڕووی كشتوكاڵ و گه‌شتیارییه‌وه‌ ده‌ڤه‌رێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌.
ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، سنووری ناحیه‌ی پێگۆڤه‌ش پڕۆژه‌ی زۆری تێدا جێبه‌جێكراوه‌ و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌.
جیا له‌وانه‌ و هه‌ر له‌و مانگه‌دا، له‌ ١٢ و هه‌شتی شوباتی ٢٠٢٤، له‌ مه‌راسیمی تایبه‌ت و به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌، چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ كه‌وتنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، له‌وانه‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و ڕۆنانی كانیا دێره‌بوونێ، هۆڵی لالش، دێرا مارگورگیس و بنیاتنانی بازگه‌ی بازگه‌ی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، كه‌ به‌شێكیان له‌ سنووری ناحیه‌ی ڕزگاری سه‌ر به‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ هه‌ڵكه‌وتوونه‌.
هاوكات دروستكردن و قیرتاوكردنی شه‌قامی پازده‌ مه‌تری و باخچه‌یه‌ك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی بێرسیڤێ له‌ ناحیه‌ی ده‌ركارێ، هاوكات دروستكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕێگه‌ی گونده‌كانی بۆسه‌لێ، مامیسا و نوردینا، به‌ درێژایی ١٢.٥ كیلۆمه‌تر له‌ قه‌زای زاخۆ، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش دروستكردنی ڕێگه‌ ناوخۆییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی هیزاوا له‌ ناحیه‌ی ده‌ركارێ و ژماره‌ی گوندی سه‌ر به‌و ناحیه‌، كه‌ سودی زۆری بۆ ڕێبواران و دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ ده‌بێت.
به‌ گوته‌ی گوهدار شێخۆ، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، له‌ماوه‌ی دوو ساڵ و سێ مانگی ڕابردوودا، كه‌ له‌وه‌ته‌ی زاخۆ بووه‌ته‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ گوژمه‌ی سه‌دان ملیار دیناری عێراقی، چه‌ندان پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری جۆراوجۆری له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ ئه‌نجامداوه‌ و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه خزمه‌تگوزارییەکان پێویست له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ و به‌پێی ئاماره‌كان، له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردوودا، سێ هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا و نۆ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیان كردووه‌، كه‌ تێیدا هه‌زار و حه‌وت سه‌د و سی پڕۆژه‌یان له‌سه‌ر بودجه‌ی گه‌شه‌پێدانی پارێزگاكان جێبه‌جێكراوه‌ و هه‌زار و شه‌ش سه‌د و بیست و نۆ پڕۆه‌ژی خزمه‌تگوزاریش له‌سه‌ر گوژمه‌ی وه‌به‌رهێنان جێبه‌جێ كراوه‌.