حکوومەتی هەرێم هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەنێو ژێرخانی ئابوورییش ڕێگاوبان، پرد و تونێل، سەرەکیترین پێکھێنەرن لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دوایی سەرەڕای قەیران و فشارە داراییە جیاوازەکان، لە چوار ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی ھەرێم توانیویەتی کاری باش بکات و ھەنگاو بۆ بەھێزکردنی ژێرخانی ڕێگاوبان بنێت بەشێوەیەک کە تەنیا لەو بوارەدا چوار سەد و چل پڕۆژەی ڕێگاوبان جێبەجێ کراون. بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: داوای سێ سەد و پەنجا ملیار دیناری کاشمان کردووە بۆ بەگەرخستنەوەی پڕۆژە وەستاوەکان.

تونێلەکان ڕێگایەکی دووریان بۆ ھاووڵاتییان نزیک کردووەتەوە، تونێلی پیرمام بەبڕی سەد و شەست و نۆ ملیار دینار جێبەجێ کراوە و درێژی تونێلەکە دوو کیلۆمەتر و نیو دەبێت، کورتکردنەوەی ڕێگاکە بە درێژایی چوار کیلۆمەتر بۆ ماوەی پازدە خوولەک، سێزدە کیلۆمەتر کورتکردنەوەی ڕێگای ناوەندی ھەولێرە بۆ شەقلاوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو تونێلە کار ئاسانی زۆری بۆ ھاووڵاتییان کردووە، بەگوتەی بەرپرسانی ھاتووچۆ ئەو تونێلە ھۆکار بووە کە ڕووداوەکانی ھاتووچۆی بەڕێژەیەکی زۆر کەم ببنەوە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن تەنیا لە ساڵی ڕابردوو بەگوژمەی زیاتر لە شازدە ملیار دینار سەد و سی و یەک پڕۆژەی ڕێگاوبانی جێبەجێ کردووە، کە دەکاتە چوار سەد و شەست و پێنج کیلۆمەتر ڕێگاوبانی تەواو کردووە و خستووەتە خزمەتی ھاووڵاتییانەوە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوار ساڵی ڕابردوودا چوار سەد و چل پڕۆژەی ڕێگاوبان کە پێک دێن لە دروستکردنی ڕێگا و بەرزە پردی سووڕانەوەی ئۆتۆمبێل و ئاو و ئاوەڕۆ و ڕاکێشانی ڕێگا بۆ گوندەکان و چاککردنەوەی ڕێگاکان بە بودجەی تەرخانکراو کە زیاتر لە نۆ سەد و نۆ ملیار دینارە جێبەجێ کراون، پڕۆژەکان لە داھاتوودا بەردەوامیان دەبێت.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئەمساڵ ئەو بەشەی کە تونێلی ماوەران و ڕێگای سۆرکە ماوە یان تێکچووە تەواو دەکەین و دەخەینە خزمەت ھاووڵاتییان.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: بەبڕی نۆ سەد و پێنج ملیار دینار پڕۆژەی تازە کە سەد و حەفتا و حەفت پڕۆژە دەبن پێشنیازمان کردووە، بۆ ئەو پڕۆژانەش داوای سەد و ھەشتا و سێ ملیار دیناری کاشمان کردووە، لەلایەکی دیکەوە داوای سێ سەد و پەنجا ملیار دیناری کاشمان کردووە بۆ بەگەرخستنەوەی پڕۆژە وەستاوەکان.