هاتووچۆی هەولێر: بەهۆی دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ رووداوەکانی هاتووچۆ بەرێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە

گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، وادەی داشکانی 20%ـی سزای سەرپێچی شۆفێران درێژناکرێتەوە و دوا وادەش 28ـی ئەم مانگەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی شوباتی 2024، عقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر راگەیاند، لە شاری هەولێر کامێرای خاڵ بۆ خاڵ سەرەتا لە شەقامی 120ـی خێرا دەست بەکاربوو، دواتر لە شەقامی 150ـی خێرا، لەو دوو شەقامە زووتر کامێرای خاڵ بۆ خاڵ کەوتنە کار کردنەوە، بەڵام رێگای هەولێر پیرمام کۆتایی ساڵی رابردوو کەوتە کار، هەروەها رێگای شەقڵاوە قەندیل لەگەڵ رێگای هەولێر کەرکووک و رێگای هەولێر خەبات، ئەمساڵی 2024، کەوتووە کار.

ئەو گوتەبێژە گوتیشی: “لەو شوێنانە ئێستا سیستەمی خاڵ بۆ خاڵ کاردەکات و کارایە”.

هێمەن حەمەد راشیگەیاند، بە شێوەیەکی گشتی بە بەراورد بە ساڵی رابردووی 2023، رووداوی هاتووچۆ کەمی کردووە، شەقامەکان کۆنتڕۆڵبوون و خەڵکی پابەندی خێراییە، پێشبڕکێ و تیژرۆیی نەماوە وەک پێشوو، خەڵکی بەشێوازێکی یاسایی بە پێی رێنماییەکانی هاتووچۆ و ئەو شەقامانەی کامێرای خاڵ بۆ خاڵی لێیە شۆفێری دەکەن. دوای دانانی ئەو سیستەمەی خاڵ بۆ خاڵ شەقامەکان لەسەرخۆییەکی باشی بەخۆیەوە بینیوە و کۆنتڕۆڵێکی باشی پێوە دیارە.

لەبارەی داشکانی 20%ـی سزای سەرپێچی شۆفێران و درێژکردنەوەی وادەکەی، ئەو گوتەبێژە دەڵێت: “ماوەی داشکاندنی سزاکانی شۆفێران درێژ ناکرێتەوە و دوا وادەش 28ـی شوباتی ئەم مانگەیە، چونکە تاکو ئێستا وەڵامی ئەو نووسراوەمان نەدراوەتەوە کە کردبوومان بۆ وەزارەتی ناوخۆ”.