ململانێی حزبی و ئایندەی هەرێمی كوردستان

دوێنێ ، بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، چوارده‌هه‌مین بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی ” ململانێی حزبی و ئایندەی هەرێمی كوردستان” ئەنجامدرا.

بۆ ئەم گفتوگۆیە ڕاپۆرتێكی مەیدانی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان ئامادەكرابوو و ڕاوبۆچوونی جیاوازی حزبە سیاسییەكان و دەستەبژێری ئەكادیمیست و نیشتمانپەروەر وەرگیرابوو و ، پێش دەستپێكردنی گفتوگەكە لەسەر سكرین بۆ ئامادبووان پێشكەش كرا و، دواتر ئەم بەڕێزانە ” د.سالار عوسمان، د.سەباح سوبحی ، د.عومەر نورەدینی بەسكایب، ڕێبوار سیوەیلی ، د.سیروان كەركوكی، هەندرێن ئەحمەد، عادل مەلا ساڵح، محەمەد سەعدەدین ئێڵخانی، فەهمی سەلمان، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ – شڤان حەمدی، پ.د.نەزاكەت حسێن، مەحفوز مایی، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد” بەچڕی و ڕاشكاوی گفتوگۆیان لەسەر ئەو ململانێ ناتەندروستە حزبییە كرد كە ئێستا لەكوردستاندا بوونی هەیە و، جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە ئەم ململانێیە كاریگەری زۆر نەرێنی لە كۆی بوارەكانی ژیانی كۆمەڵگەی كوردستان دروستكردووە.
لەلایەكی دیكەش ئامادەبووانی ئەم گفتوگۆیە و ئەو دەستەبژێرەشی كە قسەیان بۆ راپۆرتە مەیدانییەكە بۆ كردبووین، زۆر ڕاشكاوانە جەختیان لەوە كردەوە كە ئەم ململانێ حزبییە خەڵكی توڕەو بێزار كردووە و نایەنەوێت وەك پێویست بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن, جێگه‌ی ئاماژە پێكردنە پوختەی ئەم گفتوگۆ ڕاشكاوە لە ڕۆژی دووشمەی داهاتوو لەسەر لاپەڕەكانی گۆڤاری گوڵان بەشێوەی كاغەز و دیجیتاڵی بڵاو دەكەرێتەوە.