وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ڕێگا شاده‌ماره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌واو دەکات

گەرمیان گلی – هەولێر

بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی نیشته‌جێكردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێ: وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ مه‌به‌ستییه‌تی ڕێگا شاده‌ماره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌واو بكات و به‌جێبه‌جێكردنی ماسته‌رپلانی وه‌زاره‌ت، هه‌رێمی كوردستان پێ ده‌نێته‌ قۆناغێكی نوێ.

ئاگرین عه‌بدوڵڵا، بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی نیشته‌جێكردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاند: وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ مه‌به‌ستییه‌تی ڕێگا شاده‌ماره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌واو بكات. ڕێگا شاده‌ماره‌كان بریتییه‌ له‌ جووتسایده‌كان، كه‌ چه‌ندین ستراكچه‌ری جۆراوجۆر له‌وانه‌ش‌ پردی گه‌وره‌ و تونێڵ له‌خۆده‌گرێت.
ئاگرین عه‌بدوڵڵا دەشڵێت: به‌پێی ئه‌و ماسته‌رپلانه‌ی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ دایناوه‌، هه‌رێمی كوردستان پێ ده‌نێته‌ قۆناغێكی نوێوه‌ و به‌ته‌واوبوونی ڕێگا شاده‌ماره‌كان و جێبه‌جێكردنی ماسته‌رپلانی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن، ئاسانكارییه‌كی زۆر زیاتر بۆ هاووڵاتییان و بۆ ڕێگای هاتووچۆی بازرگانی له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌بێت.
هەر لەمبارەیەوە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕایگەیاند: لە ٤ ساڵی ڕابردوودا توانیومانە ٦٠ پڕۆژەی ڕێگاوبان جێبەجێ بکەین و ئەرکی سەرەکی وەزارەتەکە بریتیین لە دروستکردنی ڕێگەوبان و پردەکان و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت. هەروەها ئەرکی وەزارەتەکەمانە هێڵی شەمەندەفەر، هێڵی خێرای هاتووچۆ، هەروەها فڕۆکەخانە و ئەو پڕۆژانە جێبەجێبكات، كە لە چوارچێوەی یاسای وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردندا دیاریکراوە.
دەربارەی پڕۆژەی ڕێگاوبان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە، گوتی: وەك وەزارەتی ئاوەدانکردنە، توانیومانە ٦٠ پڕۆژەی ڕێگاوبان لەسەر بودجەی وەبەرهێنان بە گوژمەی گشتی هەشت سەد و پەنجا و چوار ملیار دینار جێبەجێ بکەین، بەرهەمەکەشی هەزار و ٢١٢ کیلۆمەتر رێگاوبان بووە. لەنێو پرۆژەکانی رێگاوبان، ٩٢ کیلۆمەتر دووساید و ئەوەی دیکە رێگای یەکساید و رێگای لاوەکی و گوند و پڕۆژەی دروستکردنی تونێل و پردی گەورەی لەخۆ گرتووە. بەگشتی لە پڕۆژەکانی رێگاوباندا لە ماوەی ڕابردوودا دوازدە ملیۆن مەتردووجا قیرتاوکردن ئەنجامدراوە. هەروەها ئەنجامدان و تەواوکردنی ٨٢ پڕۆژەی بچووک و مامناوەند لەسەر بودجەی ئاسایی بە گوژمەی گشتی ٢.٧٩٤ ملیار دینار، کە بە زۆری ڕێگاوبانی گوندەکانی لەخۆگرتبوو. لەلایەکی دیکەوە، ١٢٠ پڕۆژەی بچووک و مامناوەند لەسەر بودجەی داهاتی وێستگەکانی کێشکردن بە گوژمەی گشتی ٧.٣٩٣ ملیار دینار تەواو کراون، کە بە زۆری چاککردنەوەی رێگا و پردی سەرەکی و رێگاوبانی گوندەکانی لەخۆگرتبوو.
دەشڵێت: ٩ پڕۆژەی بیناسازی و نیشتەجێکردن لەسەر بودجەی وەبەرهێنان تەواو کراوە، کە خۆی لە تەواوکردنی ژمارەیەك یەکەی نیشتەجێکردن دەبینێتەوە، بە گوژمەی گشتی ٩٨.٥ ملیار دینار. سەرەڕای بەردەوامبوون لە پاراستنی کوالێتی کەرەستەی بیناسازی پڕۆژەکان، کە ئێمە توانیومانە لە رێگەی ئەنجامدانی تاقیگەی پشکنینەوە بۆ کەرەستەکانی بیناسازی ١،٥٦٠،٠٠٠ پشکنینی جۆراجۆر ئەنجام بدەین.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن باس لە کۆی گشتی پرۆژەکان دەکات و دەڵێ: جگە لە تەواوکردنی پڕۆژەکان، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بەردەوامی بە ئەنجامدانی ١٢١ پڕۆژەی جۆراوجۆری ڕێگاوبان و نیشتەجێکردن داوە لەسەر بودجەی وەبەرههێنان، کە گوژمەی گشتییان زیاتر لە ٢ تریلیۆن و سێ سەد و سی و چوار ملیار دینارە. زۆربەیان لە ماوەی ڕابردوو بەرەوپێشچوونیان بەخۆیانەوە بینیوە. “بەگشتی لە ماوەی رابردوودا قەبارەی خەرجکردن لەلایەن وەزارتەکەوە بۆ هەموو جۆرە پڕۆژەکان سێ سەد و هەشتا و یەک ملیار و پێنج سەد و بیست و هەشت ملیۆن دینار بووە، کە بەم شێوەیە دابەش بوون وەکو، لە هەولێر و سۆران هەشتا و شەش ملیار و چوارسەد و بیست و هەشت ملیۆن دینار، لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین دووسەد و دوو ملیار و هەشتسەد و نۆزدە ملیۆن دینار، لە دهۆک و زاخۆ نەوەد و دوو ملیار و دووسەد و هەشتا و یەک ملیۆن دینار. هیواخوازین بتوانین وەك وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەو ماوەیەی کە لە تەمەنی کابینەکە ماوە، خزمەتی زیاتر بە هاووڵاتیانمان بکەین.