شاندێكی هه‌رێم له‌ به‌غدایه.. دوای كۆبوونه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌رێنیان له‌ به‌رپرسانی عێراق وه‌رگرتووه‌

شاندێكی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق كۆبووه‌ته‌وه‌ و سه‌باره‌ت به‌ ناردنی وه‌جبه‌ی دووه‌می نه‌وتی سپی ماڵان، شانده‌كه‌ی هه‌رێم ده‌ڵێن دوای كۆبوونه‌وه‌، وه‌ڵامی به‌رپرسانی عێراق ئه‌رێنی بووه‌‌.

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان بڵاوی كرده‌وه‌: بە فەرمانی کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەکالەت، شاندێکی وەزارەت بۆ ناردنی وەجبەی دووەمی نەوتی سپیی ماڵانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەوە.

بڵاویشی كرده‌وه‌: شانده‌كه‌ی هه‌رێم لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ کۆبووه‌تەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق وەڵامەکانیان ئەرێنی بووه‌ لەسەر ناردنی وەجبەی دووەمی نەوتی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان.

شاندەکەی وەزارەتی سامانه‌ سروشتییه‌كان بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی نێوان هەردوو وەزارەت بۆ ناردنی بەشە نەوتی هەرێم سەردانی بەغدای کردووە، دوای ئەوەی ئێستا دابەشکردنی وەجبەی یەکەم بەرەو کۆتایی دەچێت.