نێچيرڤان بارزانى و سه‌رۆك وه‌زيرانى ئيستۆنيا کۆبوونەوە

له‌ كۆنفرانسى ئاساييشى ميونشن له‌ ئه‌ڵمانيا، نێچيرڤان بارزانى كايا كالاس سه‌رۆك وه‌زيرانى ئيستۆنيا، كۆبوونه‌وه‌.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی شوباتی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كايا كالاس سه‌رۆك وه‌زيرانى ئيستۆنيا، كۆبوونه‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كان و هاوكاريى هاوبه‌شى ئيستۆنيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئه‌منيدا، رۆڵى هێزه‌كانى ئيستۆنيا له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا له‌ هه‌رێمى كوردستان باس كرا و تيشكيان خسته‌ سەر دۆخى ئه‌منيى و سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ خواستى هاوبه‌ش بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌ بايه‌خه‌وه‌ باس له‌ سه‌ردانى مانگى رابردووى ئالار كاريس، سه‌ركۆمارى ئيستۆنيا و شاندى ياوه‌رى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ  نێچيرڤان بارزانى له‌ هه‌ولێر كرا.

لاى خۆيه‌وه‌، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى رۆڵى هێزه‌كانى ئيستۆنياى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

هەروەها بيروڕا گۆڕینەوە ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌كانى ره‌وشى ئاڵۆزى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و شه‌ڕ له‌ غه‌ززه‌ و ئۆكرانیا و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.