کۆبوونەوەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و ئەو سکاڵایانەی لەسەری تۆمار کرابوون ئەمڕۆ یەکشەممە هەژدەی مانگ دەکرێت و چاوەڕوانی ئەوە لە دادگاکە هەیە بە تایبەتی دوای هەڵوێستی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بڕیاری کۆتایی دەربکات و چیتر دوای نەخات.
دواین دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵی لە یازدەی ئەم مانگە بەڕێوەچوو و و هەر ئەو کات ڕۆژی هەژدەی مانگ بۆ دانیشتنی داهاتووی دیاری کرابوو. دادگاکە پێشتر دە جار لەسەر دۆسیەکە کۆبوونەوەی کردووە و بێ ئەوەی بەهیچ دەرەنجامێک بگات بۆ کاتێکی تر کۆبوونەوەکەی داخستووە و ئەمەش لە کاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان خەڵک و حکوومەت و لایەنە سیاسییەکان چاوەڕوانی ئەوەن کێشە پێوەندیدارەکانی یەکلایی ببنەوە و هەرچی زووە کاتێک بۆ هەڵبژاردن دەستنیشان بکرێت.
گۆمانەکان لە سیاسیبوونی دادگاکە و بە ئەنقەست دواخرانی بە ئامانجی پەکخستنی زیاتری دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا بۆ سەر ئەو دادگایە زۆر زیاتر بوون و هەر ئەوەش هۆکار بووە لە لایەن سەرکردایەتیی سیاسی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی جیاواز بنوێنرێت و تەنانەت پرسەکە لەگەڵ باڵوێزی وڵاتان و سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان باس بکرێت.
چوارشەمی ڕابردوو سەرۆک مەسعود بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ دێڤید برگەر باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق، داوای کردبوو قەوارەی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی بپارێزرێن و دەست لە پڕۆسەی یاسادانانی هەرێمی كوردستان وەرنەدرێت، هەروەك لە دەستووریشدا بەڕوونی هاتووە لە دۆخی بوونی جیاوازی لەنێوان یاساكانی هەرێم و یاساكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوا ئەولەوییەت بۆ یاساكانی هەرێمی كوردستان دەبێت. سەرۆک بارزانی بە پێویستی زانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بکرێ و نابێ دەست لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ڕێوشوێنەكانی وەربدرێت و بە بیانووی بوونی تانە یاساییەكان نابێ كۆسپی بۆ دروست بكرێت.
ڕۆژی سێشەمیش نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان، لهگهڵ سهرۆك و جێگران و ئهندامانی دادگای پێداچوونهوهی ههرێمی كوردستان كۆبووەوە. پرسی دواكهوتنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق سهبارهت به یاسای ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان و ڕهههنده دهستووری و یاساییهكان و ئەگەر و لێكەوتەكانی، گفتوگۆی کرد.
ئەو پێداگری کرد کە سهرۆكایهتیی ههرێمی كوردستان و لایهنه پێوهندیدارهكان ههموو ڕێكارێكی دهستووری و یاسایی دهگرنهبهر بۆ ئهنجامدانی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان.
ئیتر هیچ بیانوویەک بۆ ئەوە نەماوە ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی چیدی کۆبوونەوەکە دوا بخات و هەر جۆرە دواخستنێک دەبێت وەڵامی کردەیی بەدواوە بێت چونکە سەرەکیترین مەترسی لەو سیاسەتەی دادگای باڵای فیدراڵی گرتوویەتە بەر ئەوەیە کاتی بڕیاردان و یەکلاکردنەوەی سکاڵاکانی سەر هەڵبژاردن ئەوەندە دوا بکەوێت، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە ماوەی تەمەنە یاساییەکەیدا فریای بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن نەکەوێت و قەیرانی تری یاسایی بەربینگی هەرێمی کوردستان بگرێت.
رۆژی هەینیش نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا پرسی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش خستەڕوو و باسی لەوە کرد کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ لە دابینکردنی ئاسایش و تەناهیی ناوچەکە و جیهان بگێڕێت.
لە ساڵانی ڕابردوودا دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دژی کورد کۆمەڵێک بڕیاری دەرکردووە و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد گومانیان لە دادگاکە هەبووە و لە هەندێک بڕیاردا تەنانەت هەڵوێستیشیان لە دژی دادگاکە دەربڕیوە.
سکاڵاکانی سەر هەڵبژاردن لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون. پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و یەکێکیان تایبەتە بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دووەمیان تایبەتە بە پرسی یەک بازنەیی یان فرەبازنەیی لە هەڵبژاردن و خاڵێکی تریش پەیوەستە بە ژمارەی کورسیی کۆتاکان.
جێی باسە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە یاسا ماوەی تەمەنی درێژ کراوەتەوە و تا مانگی تەمووز دەتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات. ڕۆژی ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا، تەمەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ شەش مانگی درێژ بکاتەوە تا بتوانێت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات.