سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی یادی 71 ساڵەی دامەزراندنی لە یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان دەکات

سەرۆك بارزانی بۆ یادی حەفتاویەك ساڵەی دامەزراندنی هەردوو ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی راگەیاند.
ئەمەش دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانییە……
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی حەفتاویەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی لاوان و قوتابیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
قوتابیان و لاوانی كوردستان لە دەستپێكی دامەزراندنیان لە شۆڕشی ئەیلوول هەتا ئەمڕۆ سەنتەری پێگەیاندنی ڕۆڵەی بە وەفا و خەباتگێڕ و سەركردەی بە توانا بوونە و هەمیشە وزە و تینی تازەیان داوەتە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و لەو ڕێگەیەدا قوربانیان داوە.
هەردوو ڕێكخراوی یەكێتی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان لە قۆناغی ئێستادا پێویستە لە ئاست چاوەڕوانیی كۆمەڵگە و دۆزی ڕەوای گەلەكەیاندا بن. قوتابیان و لاوان هەمیشە ئومێدی گەلی كوردستانن و پێویستە لە خەبات و تێكۆشانیاندا پابەندی بەها بەرزەكانی ڕێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری بن و بە چەكی زانست و هۆشیاری خزمەتی ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان و پێگەیاندنی گەنج و لاوی هۆشیار و بڕوابەخۆبوو بكەن.
دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و بمێنن بە خێر و خۆشی
مسعود بارزانی
18ی شوباتی 2024