به‌فه‌رمی نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی سه‌ردانی نه‌مسا كرا

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ينى نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌ر له‌چوارچێوه‌ى به‌شداريكردنيدا له‌ كاره‌كانى كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، له‌گه‌ڵ ئه‌لكسه‌نده‌ر شالنبێرگ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا كۆبووه‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌مسا به‌فه‌رمی سه‌رۆكی هه‌رێمی بانگهێشت كرد بۆ سه‌ردانیكردنی وڵاته‌كه‌ی.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تێڕوانينى خۆيان ده‌رباره‌ى مه‌ترسييه‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و پێشهاته‌كانى شه‌ڕ له‌ غه‌ززه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ى دۆخه‌كه‌ به‌سه‌ر ئاساييش و سه‌قامگيريى جيهان و كاريگه‌ريى خراپيان به‌سه‌ر هه‌موو بواره‌كانى ژيانه‌وه‌، خسته‌ڕوو.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ ده‌بێ ڕێگرى بكرێت له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى زياترى دۆخه‌كه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هاريكاريى هاوبه‌شى هه‌مه‌لايه‌نه‌ هه‌بێت.

هه‌ردوولا داكۆكييان له‌ خواستى دوولايه‌نه‌ كرده‌وه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى نه‌مسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت، هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه به‌ڕێزيان‌ به‌ فه‌رمى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بانگهێشت كرد بۆ سه‌ردانێكى نه‌مسا.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانيش سوپاس و پێزانينى بۆ په‌يوه‌نديى له‌مێژينه‌ى دۆستانه‌ و پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى نه‌مسا بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و هيواى خواست ئاستى په‌يوه‌ندييه‌كانيان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا فراوانتر ببێت.