رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: بەپێی راپۆرتی بەراوردکاری پلانی هەرێمی ئاستی ئازادی رۆژنامەنووسی بە رێژەی ( ٧٠٪) پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە

لە ماوەی رابردوودا کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆشحاڵە بە کەمبوونەوەی بەرچاوی پێشێلکاریەکانی ئازادیی ڕاگەیاندن و پشتیوانی لە ژینگەیەک دەکات تێیدا ڕۆژنامەوانان بتوانن بە ئازادانە کاری خۆیان بکەن.

لەم بارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: لە چەند رۆژی رابردوودا کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر لە راگەیەندراودا سەبارەت بە رەوشی ئازادی رادەربڕین، رایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆشحاڵە بە بەرەو پێشچوونی ئاستی ئازادیی کاری رۆژنامەنووسی لە هەرێم. لەلایەکی دیکەوە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، رێکخراوی پەیامنێر بۆ ماف و گەشەپێدان و چەند رێکخراوی دیکەش رایانگەیاندووە کە ئاستی ئازادی رادەربڕین و ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی رابردوو پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، پێشتریش کۆمیسۆنی ئازادییە ئایینییەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردبوو کە بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان وتاری ئایینی و سیاسی لە میدیاکان یاخود ببێتە هۆی ڕق و توندوتیژی، تیرۆر، و پەراوێزخستن لەسەر بنەمای ئیتنی، ئایینی، یان زمان قەدەغەیە.

زێباری هەروەها وتی: پێشوازی لەم هەڵوێست و راگەیەندراوانە دەکەین و بەرزیان دەنرخێنین، کابینەی حکومەتی هەرێم بە گرنگییەوە لە پرسی ئازادی کاری رۆژنامەنووسی و رادەربڕین دەڕوانێت وەک یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و کار دەکات بۆ ئەوەی پەرەی زیاتر بەم بوارە بدرێ، لە میانەی جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردانەی لە بەشی شەشەمی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥) دا هاتووە تایبەت بە ئازادی رادەربڕین و کاری رۆژنامەنووسی، کۆمەڵێک ڕێکارمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادە کردووە، مەبەست لەم رێکارانە پتەوکردنی ئەو کەشەی ئازادەی بۆ رۆژنامەنووسان و میدیاکان فەراهەم کراوە تاکو بەپێی یاسا و لە چوارچێوەی ئەرکی ڕۆژنامەگەریدا کاری خۆیان ئەنجام بدەن و هاوکاریی حکومەت بن بۆ خزمەت کردنی هاووڵاتییان.

لە بارەی گرنگیی رێکارەکان وتی: ئەم رێکارانە لە بەرژەوەندی رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن بوو بە تایبەتی جێبەجێکردنی یاسای کاری رۆژنامەنووسی، هەموار کردنی یاساکە ئەگەر پێویست بوو، میکانیزمی لێپێچینەوە لە بوونی پێشێلکاری لە بارەی ئازادی ڕادەربڕین، خێراکردنی پڕۆسەی پێدانی زانیاری لەلایەن دامودەزگا فەرمییەکان، خێراکردنی پڕۆسەی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانی ڕۆژنامەگەری، جێبەجێکردنی یاسای ڕۆژنامەگەری بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و چەند ڕێوشوێنێکی دیكە. لەگەڵ خودی رۆژنامەنووسان و میدیاکان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم لە پەیوەندی بەردەوامدا بووین بۆ جێبەجێکردنیان بە باشترین شێوە، لایەنەکانیش هەوڵیانداوە بەپێی توانا و یاسا بەرکار و رێنماییەکان ئەم رێکارانە جێبەجێ بکەن، لە هەمان کاتدا لایەنە نێودەوڵەتییەکان، ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانیش هاوکار و ئاگاداری ئەم هەوڵانە بوون.

سەبارەت بە بەرەو پێشچوون لە جێبەجێکردنی راسپاردەکان دیندار زێباری وتی: لە پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (١١) راسپاردە تایبەتن بە ئازادی رۆژنامەنووسی، دوای ئامادەکردنی ئەو رێکارانە و بەپێی راپۆرتی بەراوردکاری نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە نێوانی ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ رێژەی جێبەجێکردنی راسپاردەکان بەم شێوەیە بوو:

لە ساڵی ٢٠٢٢ تەنیا (١) راسپاردە جێبەجێکراون و (٥) راسپاردە جێبەجێ نەکرابوون، (٥) راسپاردە لە قۆناغی جێبەجێکردندا بوون.

لە ساڵی ٢٠٢٣ دا (٧) راسپاردە جێبەجێکراون و (١) راسپاردە جێبەجێ نەکراوە و (٣) راسپاردە لە قۆناغی جێبەجێکردندا بوون.

بەم پێیەش جێبەجێکردنی راسپاردەکانی بواری ئازادی رۆژنامەگەری لە پڕۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە بە رێژەی زیاتر لە (٧٠ ٪) زیادی کردووە و راگەیاندراوی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی رۆژنامەنووسی گەواهیدەری ئەم پێشکەوتنەن، ئەمەش نیشانەی پەرەپێدانی ئازادی کاری ڕۆژنامەنووسی و پاراستنی مافەکانی ڕۆژنامەنوسان و گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمە بەم پرسە.