سەرۆککۆماری تورکیا یەکێتی بە “پشتیوانی لە پەکەکە” تۆمەتبار دەکات

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پەکەکە دەڵێت، “ئەگەر یەکێتی واز لە پشتیوانیکردنی پەکەکە، یەپەگە و پەیەدە نەهینێت، گۆشگیری دەکەین”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15-02-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تورکیا دۆستی دۆستەکانییەتی؛ سەردانە یەک لە دوای یەکەکانی وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا بۆ عێراق بوونە هۆی بەلاوەنانی ئەو کەشە نەرێنییەی کە هەیە و هەندێک پێشهاتی باش لە نێوان حکومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان هاتە ئاراوە.

ئەردۆغان دەڵێت، “ئامادەین هەموو جۆرە هەنگاوێک پێکەوە لەگەڵ دراوسێیەکانمان بگرینەبەر بەمەرجی ئەوەی مەردایەتی و راستگۆیی بەلاوە نەنرێت و رێگە نەدرێت لەسنوورەکانمان تیرۆریستانێک دروست بکرێت. هیچ کەسێک وەک ئێمە رێز لە یەکپارچەیی خاکی عێراق و سووریا ناگرێت”.

وەکو ئەوەی سەرۆککۆماری تورکیا باسی دەکات، “چەندین جار هۆشداریمان لەبارەی بۆچوونە نەرێنییەکانی سلێمانی داوە. پێیانمان راگەیاند لەو ناوچەیە هەندێک پێکهاتەی نوێ دەبینین، پێیانمان گوت کە رێگە بەمە نەدەن، بەپێچەوانەوە بەتەنیا دەمێننەوە؛ چونکە هەموو کاتێک سلێمانی لەسەر دەستمان دایە و هاونەتەوەکانمانی لێیە (مەبەستی تورکمانەکانی کفرییە)”. 

ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، لەگەڵ هەرێمی کوردستان “لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئەو تاودانەی بەدەستمان هێناوە بەرەو ئاراستەیەکی ئەرێنی هەنگاو دەنێت، بەڵام سلێمانی، واتە سەرکردایەتی یەکێتی سەرەڕای ئەوەی چەندین جار هۆشداریمان داوە، بەڵام بەداخەوە بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی پەکەکە و یەپەگە و پەیەدە. لە دیدارەکانمان ئەم پرسانەشمان تاوتوێکرد و جارێکی دیکە هۆشداریمان پێدان”.

سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، “هیج کەسێک چاوەڕێی ئەوە لەمە نەکات هەڵوێستیکی جیاوازترمان هەبێت، چی پێویست بێت دەیکەین. ناتوانین ئەم بابەتە پشتگوێ بخەین. ئەو هەنگاوانەی پێویستە دەگرینەبەر و بەردەوامیش دەبین. لەوانەیە بەرگەی زۆر بابەت بگرین، بەڵام کاتێک پرسەکە دەگاتە مانەوە و ئاسایشی وڵآتەکەمان، دەرگاکان دادەخەین و ئەوەی پێویست بێت دەیکەین. ئەگەر ئامانجەکە دژایەتیکردمانە بێگومان بۆ ئەویش کاردانەوە و رێکاری پێویستمان دەبێت. لە گرتنەبەری رێکاری توند سڵ ناکەین”.

ئەمە جاری یەکەم نییە تورکیا بەرپرسانی یەکێتی بە پاڵپشتی لە پەکەکە تۆمەتبار دەکات. ماوەی زیاتر لە ساڵێکە تورکیا ئاسمانەکەی بەڕوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا داخستووە. وەکو بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، ئەم کارەیان لە بەرامبەر پشتیوانی یەکێتی بۆ پەکەکە کردووە.  رۆژی شەممە، 23-12-2023، حکومەتی تورکیا ماوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تاوەکو 22-06-2024 درێژکردەوە.

پێشتر تانژو بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە میدیاکانی راگەیاندبوو، لە چوارچێوەی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی “رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە” لە سلێمانی، دزەکردنی ئەو “رێکخراوە تیرۆریستییە” بۆ ناو فڕۆکەخانە و بەمەش هەڕەشەکردن لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان، حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی داوە.

رۆژی 19-09-2024، بە درۆن هێرشکرایە سەر هۆڵێکی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت، کە بە گوتەی بەرپرسانی یەكێتی، هێزێکی سەر بە دژەتیرۆر لەوێ خەریکی مەشق و راهێنان بوون.

  دواتر وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتبوو، “پێشهاتەکانی ئەو تەقینەوەیەی رۆژی 18ـی ئەیلوولی 2023 لە فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی روویدا، جێگەی سەرنجن. وا زانراوە لەکاتی تەقینەوەکەدا ئەندامانی گرووپی دژەتیرۆری سەر بە یەکێتی لەگەڵ تیرۆریستانی پەکەکە/یەپەگە راهێنانیان کردووە.”