بارانبارین بۆڕی سەرەکی پڕۆژەی ئاوی “بۆگد ـ کۆیە”ـی شکاند

بەهۆی بارانبارینەوە، بۆڕی هێڵی سەرەكی گواستنەوەی ئاوی پرۆژەی بۆگد – كۆیە شکاوە و گواستنەوەی ئاو وەستێندراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15-02-2024، بەڕێوبەرایەتیی ئاوی كۆیە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، “بەهۆی ئەو بارانبارینەی لە دوێنێ شەوەوە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، بۆڕی هێڵی سەرەكی گواستنەوەی ئاو قەبارە 24 ئینچ لە پرۆژەی ئاوی بۆگد -كۆیە، بۆ سەنتەری قەزای كۆیە بەهۆی رۆچوونی زەوی و لێكترازان لە نزیك گوندی كێلە زیندان شکاوە”.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لە ئێستادا بە ناچاری پڕۆژەی ناوبراو  وەستێنرا و دابەشكردنی ئاو لە بەشێك لە سەنتەری قەزای كۆیە  وەستاوە”.

بەڕێوبەرایەتیی ئاوی كۆیە دەڵێت، “سەرجەم تیمەكانی  چاكسازی بەڕێوبەرایەتی ئاوی كۆیە ئامادەكاری دەكەن بە مەبەستی هەرچی زووە ئەم لێكترازانی بۆریەكان چاكبكرێتەوە و ئاو بگەیەنرێتەوە شاری كۆیە”.

ئەمە لە کاتێکدایە لە دوێنێ چوارشەممەوە، 14-02-2024، شەپۆلێکی چڕی بارانبارین پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و تا ئێستا بەردەوامە. لە هەندێک شوێنی شاخاویش بەفر باریوە.

بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15-02-2024، “بارانبارین بەردەوامی دەبێت، ئاستی دابارین مامناوەند دەبێت لە سەرجەم ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری پارێزگاکان. زۆرترین ڕێژەی بارانی پێشبینیکراو لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و بەشێک لە باشووری پارێزگای سلێمانی دەبێت. هەندێ کات لە کاتی باران هەورە تریقەشی لەگەڵ دەبێت. کاریگەری ئەم شەپۆڵە لەسەر ناوچەکەمان لە شەودا لاواز دەبێت”.

ھەواڵی زیاتر