کورد لە شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران هیچی پێ نەبڕا

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەم ڕۆژانە لە ئێران یادی چل و پێنجەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ١٩٧٩ی کرایەوە، شۆڕشێک کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی فەرمیی ئێران بە شۆڕشی ئیسلامی و لای کورد و زۆربەی نەتەوە ژێردەستەکان بە شۆڕشی گەلانی ئێران ناسراوە. هۆکارەکەش ئەوەیە هەموو گەلان لە شۆڕشەکەدا بەشدار بوون بەڵام دواجار یەک لایەن بەسەر شۆرشەکەدا زاڵ بوو و مۆرکی تایبەتیی خۆی بە شۆڕشەکە وەنا.

هەر لە سەرەتاکانی دەیەی پەنجای سەدەی ڕابردوو و بە تایبەتی دوای کودەتا و هەڵوەشانەوەی حکوومەتەکەی دکتور محەمەدی موسەدیق کە دۆخی ئێران خراپتر بوو و هێز و لایەنە سیاسییەکان هەر کامێک لای خۆیان پەرەیان بە خەبات دژی ستەم و نادادی شا دا، چەپ و ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکان لەو بوارەدا ڕۆڵی کارایان گێڕا. بەڵام شای ئێران دەسەڵاتی خۆی زۆر ڕەهاتر کرد و هەرچەندە وڵاتەکە لەڕووی ئابووری پێشکەوت بەڵام لەڕووی چەسپاندنی دادپەروەری پاشەکشەی کرد و بۆشایی نێوان چینەکانی کۆمەڵگا زیاتر بوو.
شۆڕشەکە لە ئاکامی پەرەسەندنی نادادپەروەری و ئەو ستەم و زوڵم و زۆرییەی ڕژێمی پاشایەتی ئێران بەسەر تەواوی خەڵکی ئەو وڵاتەیدا سەپاندبوو ڕووی دا. کورد جگە لە پرسی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ستەمی نەتەوەییشی بەسەردا سەپابوو و لە هەموو مافێک بێبەش کرابوو، محەمەد ڕەزاشای پەهلەوی کە توانای ئەوەی لێ بڕا بەسەر قەیرانەکەدا زاڵ بێت، کەمتر لە مانگێک بەر لە شۆڕشەکە وڵاتی جێهێشت و لە ١١ی شوباتی ١٩٧٩ شۆڕشەکە سەرکەوت.
مەلاکان کە پێش شۆرش هیچ حزبێکی بەهێزیان نەبوو، کۆمەڵێک مەلای شارەزای شیعە، تەنیا هەفتەیەک دوای سەرکەوتنی شۆڕش حزبی کۆماری ئیسلامییان دامەزران.
دامەزراندنی حزبەکە لە لایەک و دەرکەوتنی خومەینی وەک کەسایەتییەکی کاریزمای شیعە و ئەو پێشوازییەی دوای گەڕانەوە لە پاریسەوە بۆ تاران، لێی کرا، متمانەبەخۆبوونی ئیسلامییەکانی زیاتر کرد و پێشتر کە لەگەڵ چەپ و ئازادیخوازەکان و بزووتنەوەکانی کرێکاری لە هەماهەنگی دابوون ئەم جارە زۆر زیرەکانە خۆیان بەسەر شۆڕشەکەدا سەپاند و هەر ئەوەش وای کرد دەستووری نوێ، ئەوان بینووسنەوە و دواتر لەژێر کاریگەریی ئەو بانگەشە بەربڵاوەی ڕێکیان خستبوو بیچەسپێنن.
پاش شۆڕشی ١٩٧٩ و پێکهاتنی حکوومەتی کاتیی بە سەرۆکایەتیی مەهدی بازرگان، ڕێبەرانی ئەو کاتی تاران لەگەڵ ڕێبەرانی گەلی کورد کە هەر دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی کۆنترۆڵی زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردبوو دەستیان بە دانوستان کرد. یەکێک لە داخوازییە سەرەکییەکانی گەلی کورد بریتی بوو لەوەی دەسەڵاتی ”خودموختاری” یان مافی خۆبەڕێوەبەری کە هەمان مافی ئۆتۆنۆمی بوو بە کورد بدرێت . کورد داوای کرد خۆی ئیدارەی خۆی بکات و مافەکانی خۆی بەدی بهێنێت بێ ئەوەی داوای جیابوونەوەی خاکەکەی لە ئێران بکات.
شاندەکانی دانوستانکار هەرگیز نەیانتوانی بە ڕێککەوتن بگەن و بەپێی سەرچاوە مێژوییەکان کە ڕێبەرانی ئەو شاندە دانوستانکارانە لە بیرەوەرییەکانیان یان کتێبەکانیان خستوویانەتە ڕوو، پێداگرن لەسەر ئەوەی خومەینی هیچ باوەرێکی بە مافی نەتەوەی کورد نەبووە و بۆیەش دانوستانی لەگەڵیان کردووە تا پێگە و دامەزراوە نوێیەکانی خۆی لە تاران بەهێز بکات.
ئەوەی بووە هۆکاری سەرەکی لەوەی کورد بەرانبەر بە شۆڕش نائومێد بێت و لە کاراکتەرێک کە خۆی ڕۆڵی هەبوو لە هەڵگیرسانی بۆ کاراکتەرێکی نوێ بە ناوی دژە شۆرش بگۆڕدرێت، ئەو ڕیفراندۆمە بوو کە کەمتر لە دوو مانگ دوای سەرکەوتنی شۆرش لە ئێران کرا.
ڕێفراندۆمەکە کە ئیسلامییەکان خۆیان بە پلان دایاننابوو تا ئایدۆلۆژیای مەبەستیان لە داهاتوودا بچەسپێنن بریتی بوو لە پێشنیاری دامەزراندنی کۆمارێکی ئیسلامی و لە پرسیارێکدا داوایان لە خەڵک کرد پێتان باشە کۆمارەکە ئیسلامی بێت یان نا؟
خەڵکی ئێران سەرجەم بژاردەکانیان لەبەردەم داخرا و خرانە بەردەم بژاردەیەک کە دەبوایە لە نێوان کۆمارێکی ئیسلامی و نائیسلامی یەکێک هەڵبژێرن، ئیسلام کە ئایینی زۆربەی ئێرانییەکانە زۆربەی خەڵک پێشوازی لێی کرد و دەنگی پێ دا.
گەلی کورد کە ئاستی تێگەیشتووییە سیاسییەکەی لە چاو شوێنەکانی تر زیاتر بوو و ئەزموونی کۆماری دیموکراتیکی کوردستان لە مەهابادی هەبوو ڕیفراندۆمەکەی بایکۆت کرد و بەلارێدابردنی شۆرش و پێچەوانەی بەها دیموکراسییەکانی هەژمار کرد، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە شوێنەکانی تری ئێران بە بەڵێ دەنگیان بە ڕیفراندۆم دا بناغەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی دامەزرا.
سەرکەوتنی ڕیفراندۆم بووە هۆی ئەوەی دواتر دەستووری ئیسلامی بنووسرێتەوە بێ ئەوەی حساب بۆ مافی گەلی کورد بکات و دواجار سەلمێنرا، دانوستانەکانی نێوان کورد و تارانیش تەنیا بۆ کڕینی کات بوو و لەشکرکێشی کرایە سەر کوردستان و تەنانەت فەرمانی جیهاد دژی گەلی کورد دەرکرا.
تاکە مادەیەکی دەستووری ئێران کە ئاماژەیەک لە مافی کەلتووریی تێدابوو مادەی پازدەی دەستوور بوو کە بە گوێرەی مادەکە زمان ‌و خەتی فەرمی‌ و هاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە. بەڵگە ‌و نووسینە فەرمییەکان‌ و کتێبە دەرسییەکان دەبێ بەو زمان ‌و بەو خەتە بن، بەڵام کەڵکوەرگرتن لە زمانە ناوچەیی‌ و قەومییەکان لە بڵاوکراوە‌ و میدیاکان‌ و خوێندنی ئەدەبیاتەکەیان لە خوێندنگاکان، لەتەنیشت زمانی فارسی ئازادە. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی تەنانەت جێبەجێکردنی ئەو مادەیەشی بۆ کورد بە ڕەوا نەزانیوە کە لە دەستوورەکەی خۆیاندا ئاماژەی پێ کراوە.
کورد لە سەر خاکی خۆی ژیاوە و دەستدرێژی نەکردووەتە سەر هیچ خاکێک و تەنیا داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆی کردووە. پایتەختی ئەو وڵاتانەی کوردستان بەسەریاندا دابەش بووە هیچ کاتێک حەزیان لە چارەسەری پرسی نەتەوەیی نەبووە و بە چاوێکی سووک سەیری نەتەوە بندەستەکانیان کردووە و ئەو کێشە گرنگەیان بە هەڵواسراوی هێشتووەتەوە کە هیچی لە کێشەی فەلەستینییەکان کەمتر نییە و زۆربەی سیاستەمەدارانی کورد هاوڕان لەسەر ئەوەی تا چارەسەر نەکرێت هیچ کام لەو وڵاتانەی کوردیان تێدایە ئارامی بەخۆیانەوە نابینن.

ھەواڵی زیاتر