جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق: کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق ئاسان نییە

لەگەڵ بەردەوامی جموجۆڵی گرووپە چەکدارەکان بۆ پێشێلکردنی یاسا و بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناو خاکی عێراق، چاودێرانی سەربازی، دەڵێن، ئەو جۆرە ڕەفتارانە شکست بە حکوومەتەکەی سوودانی دێنێت، بەتایبەتی لەسەر ئاستی ئەو دانوستاندنانەی بۆ ڕێکخستنەوەی بوونی ئەمریکا لە عێراق باسی لێوەدەکات. جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: عێراق ھێشتا پێویستی بە ھێزەکانی ھاوپەیمانان ھەیە و کشانەوەشیان وا ئاسان نییە، ئەگەر بکشێنەوەش چەند ساڵێکی پێویستە.

دانوستاندنەکان ڕەنگە بە ئەنجام نەگەن و بەرھەمی باشی نەبێت، ئەوەش وا دەکات بارودۆخی عێراق لەوەی ھەیە خراپتر ببێت، چاودێران بەم شێوەیە خوێندنەوە بۆ ڕێکخستنەکانی حکوومەت بۆ ڕێکخستنەوەی ئەمریکا دەکەن و بەردەوامی ھێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا بە ڕاگەیاندنی نیمچە جەنگێک ناو دەبەن، وێرای ھەوڵی ئەو گرووپانە بۆ سەپاندنی ھەژموونی خۆیان بەسەر زۆرێک لە فراکسیۆنە سیاسییەکانی پەرلەمانی عێراق.
چوار مانگە ئەمریکا و بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق مووشەک و درۆن لەنێو خاکی عێراقدا ئاراستەی یەکدی دەکەن، تازە بەتازە پەرلەمانی وڵاتەکە کۆبوونەوە لەسەر دەستدرێژییەکانی سەر سەروەری خاکەکەیان ڕێکدەخات، ئەویش تەنیا حەفتا و پێنج پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، ئەو فشارانەی گرووپە چەکدارەکان لەسەر لایەنەکان دەیسەپێنن بە پێوەرێکی زیاتر لە حکوومەتیش دەکەن، ئەمەش مانای بریندارکردنێکی گەورەیە بۆ سوودانی و حکوومەتەکەی و زیانێکی گەورەشە بۆ دانوستاندنێک، چونکە لاوازی حکوومەت بەرانبەر بەو گرووپە چەکدارانە دەردەخات.
زکری حەمید، چاودێریی سیاسی، دەڵێت: ھەڕەشەی ھەندێک لایەنی خاوەن چەک بۆ ناچارکردنی ھێزە سیاسییەکان بۆ دەنگدان لەسەر ئەو بڕیار و ئەم بڕیارە ھیچ سوودێکی بۆ پڕۆسەی دیموکراسی نییە، دواتر ئەگەر پێویست بێت، حکوومەت بڕیاری ژمارە ١٨ی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ دەرکردنی ھێزە ئەمریکییەکان لە عێراق جێبەجێ دەکات، نابێت بڕیارەکە بەشێوەیەک بێت توڕەیی ئەمریکای بەدواوە بێت، کە بەو شێوەیە بێت ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک و کۆمەڵگەی عێراق بێت.
ئەو چاودێرە، زیاتر دەڵێ: گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و عێراق کە دەستیپێکرد، تەنیا گفتوگۆی کاتی بوون بۆ دیاریکردنی خشتەیەکی نێوان ھەردوولا، زیاتر ھەڵسەنگاندنێکە بۆ ڕەوشی سیاسی، ئابووری و ئاسایشی عێراق، بەتایبەتیش کاتێک وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی سێ خاڵی سەرەکی کرد، لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئەمریکا، یەکێک لەو خاڵانە ئەوەیە ئایا ئەگەر ئەمریکا ھێزەکانی پاشەکشە پێبکات، عێراق ئەو ھێز و توانایەی ھەیە کە ڕووبەڕووی تیرۆر و داعش ببێتەوە، خاڵی دووەم، ئایا عێراق دەتوانێت سەروەری و سیادەی وڵاتەکەی بپارێزێت، خاڵی سێیەمیش بریتییە لەوەی ئایا عێراق تا چ ئاستێک ھێزی سەربازی توانای ھەیە سەروەری و سیادەی عێراق بپارێزن، گفتوگۆکان لەبەر ئەم خاڵانە دەستی پێکرد، پێش ٢٠١٤ کە ھێزی ئەمریکا ھاتنە ناو خاکی عێراق لەسەر داوای فەرمی عێراق ھاتوون، ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١، ئەرک و کاری ھێزەکانی ئەمریکا دەستنیشان کرا بوو لە عێراق، ھێزی شەڕکەر و ھێزی ڕاوێژکاریش، واتە ئەو ھێزەی لەناو عێراقە کە دوو ھەزار و پێنج سەد سەربازە ھێزی ڕاوێژکارین، ئاساییە ئەگەر بێت و عێراق و ئەمریکا خشتەیەک دابنێن ژمارەی ئەو ھێزەش کەمبکرێتەوە.
سەمیر سیامەند، شارەزا لە بواری ئەمنی، ئاشکرای کرد: بەرپرسیارەتی لە ئەستۆی دەستەڵاتی جێبەجێ کردندایە، ھەر ئەویشە خاوەن ھەڵوێستی فەرمی، ئەو کاتە ھەوڵی دەرکردنی ھێزە بیانییەکان لە خاکی عێراق دەدەن، دەستەڵاتی جێبەجێ کردن بەدوای چارەکردنی کێشەکانە بۆ ئەوەی ھیچ بیانۆیەک بۆ ئەو لایەنانە نەمێنێتەوە کە ھەوڵی دەدەن.
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: لەو گفتوگۆیانەی لە نێوان ئەمریکا و عێراق دەکرێن ھەرێمی کوردستان لە ھەموویان بەشدارە و ھەر کۆبوونەوەیەک بکرێت نوێنەری حکوومەتی ھەرێم بەشداری دەکات، گفتوگۆی باش کراوە و ھەرێمی کوردستانیش ڕای تایبەتی خۆی ھەیە، چونکە نەک تەنیا کورد بگرە سوننە و شیعەش لەگەڵ مانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەڵام ھەر یەکێک لەبەر ئەوەی دیکە باس ناکات، بەڵام ھەڵوێستی کورد ئاشکرایە و دیارە نایەوێت جارێ بکشێتەوە، لەبەر ئەوەی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق ئاسان نییە و پێویستی بە جۆرە ڕێککەوتنێکە چەند ساڵێک بخایەنێت تا بە یەکجاری دەکشێنەوە، نەک بە جارێک، ئەوە دەبێتە شکستی ئەمریکا ئەوانیش ئەمە ناکەن.
سەگڤان سندی، گوتیشی: جارێ عێراق پێویستی بە ھاوپەیمانان ھەیە لەم بارودۆخەی ئێستە کە مەترسی لەسەر عێراق ھەیە، بۆیە ئەوەی دەگوترێت تەنیا بە قسەیە و بە کردار زەحمەتە و لایەنەکانیش پێیان باش نییە ئەمریکا بکشێتەوە.