ئاراس جەبار،شارەزای بواری كەشناسی رایگەیاند: سبەی پێنجشەمە 15/2/2024 ئاسمانی ھەرێمی كوردستان بەدرێژایی كاتەكان ھەوری تەواو دەبێت لەسەرجەم ناوچەكان لە خانەقینەوە تا زاخۆ ھەورە بروسكە و لێزمە باران لەزۆربەی كاتەكاندا دەبێت .
هەروەها دەڵێت:ئەگەری دروستبوونی لافاو لەسەنتەری پارێزگای ھەولێر و بەتایبەتیش ھۆشداری بە دانیشتووانی سنووری پارێزگای كەركوك و ئیدارەی گەرمیان ئەدەین كە پێشبینی بارانێكی زۆر زیاتر دەكرێت لەم ناوچانەدا و ئەگەری لافاوی بەھێز دەبێت.
دەشڵێت:كاریگەری قۆناغی یەكەمی ئەم شەپۆلە بەچری بەردەوامی ئەبێت تا بەرەبەیانی رۆژی ھەینی 16/2/2024 دواتر لاواز ئەبێت و قۆناغی دووەەم بەكاتی جیاواز لە ئێوارەی ھەمان رۆژەوە دووبارە دەستپێدەكاتەوە بە چالاكبوونی ھەورە بروسكە و تاوە تەرزە و بارانی بەخوڕ لە سەرجەم ناوچەكان و ناوبەناو تا ئێوارەی رۆژی شەمە 17/2/2024 ئەم قۆناغەش بەردەوامی ئەبێت ، بۆ رۆژانی دواتریش لە یەكشەمەوە 18/2/2024 تا 22ی مانگ لەئەنجامی مانەوەی كاریگەری لاوازی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست لەسەر ناوچەكە ناوبەناو ھەندێك كات بەشێوەی بەھارە ھەورە بروسكە و تاوە باران بەشێوەی پەرشوبڵاو لە شوێنی جیاجیادا چڕدەبێتەوە .