نێچیرڤان بارزانی: هه‌موو ڕێكارێكی ده‌ستووری و یاسایی ده‌گرینه‌به‌ر بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌موو ڕێكارێكی ده‌ستووری و یاسایی ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان.

پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ ‌سێشه‌م نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و جێگران و ئه‌ندامانی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كۆبووەوە‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كە وەزیری دادی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، پرسی دواكه‌وتنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕالیی عێراق سه‌باره‌ت به‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ڕه‌هه‌نده‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كان و ئەگەر و لێكەوتەكانی، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.

لای خۆیەوە سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌موو ڕێكارێكی ده‌ستووری و یاسایی ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، لەمبارەیەشەوە ڕا و سەرنجی به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌ به‌هه‌ند و جێی بایه‌خ وه‌رده‌گیرێت و كاری جددیان له‌سه‌ر ده‌كرێت.