به‌ردی بناغه‌ی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ له‌ زاخۆ داندرا

به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ دوو ملیار دیناری عێراقی، به‌ردی بناغه‌ی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ داندرا و سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌كه‌ ده‌ڵێ “له‌وه‌ته‌ی زاخۆ بووه‌ته‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ گوژمه‌ی سه‌دان ملیار دینار پڕۆژه‌ی جۆراوجۆری له‌و سنووره‌ جێبه‌جێكردووه‌”.

١٢ی شوباتی ٢٠٢٤، له‌ مه‌راسیمێكی تایبه‌ت و به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌، له‌ژێر چاودێری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، به‌ردی بناغه‌ی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ داندرا، گوهدار شێخۆ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ له‌ گوتارێكیدا هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، گوژمه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌ پێویستیانه‌ی له‌ سنووره‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت، دوو ملیار و چوار سه‌د و هه‌شتا و نۆ ملیۆن و پێنج سه‌د و سێزده‌ دیناری عێراقییه‌، كه‌ خزمه‌ت به‌ هه‌موو هاووڵاتیانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نن.
ئه‌و پڕۆژانه‌ی له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ به‌ردی بناغه‌یان داندرا و له‌ مه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌چنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، بریتین له‌، دروستكردن و قیرتاوكردنی شه‌قامی پازده‌ مه‌تری و باخچه‌یه‌ك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی بێرسیڤێ له‌ ناحیه‌ی ده‌ركارێ، هاوكات دروستكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕێگه‌ی گونده‌كانی بۆسه‌لێ، مامیسا و نوردینا، به‌ درێژایی ١٢.٥ كیلۆمه‌تر له‌ قه‌زای زاخۆ، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش دروستكردنی ڕێگه‌ ناوخۆییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی هیزاوا له‌ ناحیه‌ی ده‌ركارێ و ژماره‌ی گوندی سه‌ر به‌و ناحیه‌، كه‌ سودی زۆری بۆ ڕێبواران و دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ ده‌بێت.
جیا له‌وانه‌ هه‌شتی شوباتی ٢٠٢٤، له‌ژێر چاودێری گوهدار شێخۆ، به‌ گوژمه‌ی ملیارێك و نۆسه‌د و هه‌شتا و شه‌ش ملیۆن و دوو سه‌د و هه‌شتا و پێنج هه‌زار دینار، دانانی به‌ردی بناغه‌ و ڕۆنان و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی چه‌ند شوێنێك له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، له‌وانه‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و ڕۆنانی كانیا دێره‌بوونێ، هۆڵی لالش، دێرا مارگورگیس و بنیاتنانی بازگه‌ی بازگه‌ی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، كه‌ به‌شێكیان له‌ سنووری ناحیه‌ی ڕزگاری سه‌ر به‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ هه‌ڵكه‌وتوونه‌.
گوهدار شێخۆ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ له‌ گوتارێكیدا ڕایگه‌یاند، له‌ماوه‌ی دوو ساڵ و سێ مانگی ڕابردوودا، كه‌ له‌وه‌ته‌ی زاخۆ بووه‌ته‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ گوژمه‌ی سه‌دان ملیار دیناری عێراقی، چه‌ندان پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری جۆراوجۆری له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ ئه‌نجامداوه‌ و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان.
سه‌رباری درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی و نه‌ناردنی به‌شه‌ بوودجه‌كه‌ی له‌ لایه‌ن به‌غدادی فیدڕاڵه‌وه‌ به‌ بیانووی جۆراوجۆر، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری پێویست له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ و به‌پێی ئاماره‌كان، له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردوودا، سێ هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا و نۆ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیان كردووه‌، كه‌ تێیدا هه‌زار و حه‌وت سه‌د و سی پڕۆژه‌یان له‌سه‌ر بودجه‌ی گه‌شه‌پێدانی پارێزگاكان جێبه‌جێكراوه‌ و هه‌زار و شه‌ش سه‌د و بیست و نۆ پڕۆه‌ژی خزمه‌تگوزاریش له‌سه‌ر گوژمه‌ی وه‌به‌رهێنان جێبه‌جێ كراوه‌.