بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسیی پارتی پێشوازی لە کۆنسوڵى گشتى ئەڵمانیا لە هەولێر کرد

دوێنێ، لە بارەگاى مەکتەبى سیاسى لە پیرمام، فازل میرانى بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى پێشوازى لە (کلاوس سترایشەر) کۆنسوڵى گشتى ئەلمانیا لە هەولێر و شاندى یاوەرى کرد.

لە دانیشتنێک دا فازل میرانى وێڕاى بەخێرهێنانى شاندى میوان تیشکى خستە سەر ڕەوشى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان بە تایبەتى و عێراقى فیدراڵ بە گشتى.
میرانى دوپاتى کرد کە کێشەى هەرێم لەگەڵ بەغدا کێشەى بیرکردنى دەسەڵاتدارانە لە بەغدا نەک کەسەکان و هەوڵدەدەن لە جێبەجێ کردنى بڕگەکانى دەستور خۆیان بدزنەوەو ئارەزومەندانە جێ بەجێى بکەن.
هەروەها میرانى ئاماژەى بەوە کرد کە ناوچەکە لە دۆخێکى خراپ تێپەڕدەبێت و هەموو لایەک دەبێت زۆر ژیرانە هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕووداوەکان بکەن و بەرژەوەندى باڵاى گەلى خۆى بپارێزێ و لە سەرووى هەموو بەرژەوەندییەکان بێت.
میرانى دوپاتى کردەوە کە پەیوەندییەکان لە نێوان گەل و حکوومەتى ئەڵمانیا و گەل و حکوومەتى هەرێمى کوردستان زۆر بە هێزن و حکوومەت و گەلى ئەڵمانیا درێغیان نەکردووە لە هاوکارى کردنى هەرێمى کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوەو ئەمە جێگاى سوپاسگوزاریە وپتەوکردنى ئەم پەیوەندیانە ئەرکى هەموومانە.
لەلاى خۆیەوە (کلاوس سترایشەر) کونسلى گشتى ئەڵمانیا لە هەولێر سوپاسى مەکتەبى سیاسى کرد بۆ ڕەخساندنى ئەم دیدارەو خۆشحاڵى خۆى دەربڕى لە کارکردنى لە هەرێمى کوردستان و بەو پێشکەوتنەى کە هەرێمى کوردستان بەخۆیەوە دەبینێت سەرەڕاى ئاستەنگەکان و قەیرانەکان و هیواى خواست هەرێمى کوردستان هەر لە پێشکەوتن دا بێت.