له‌ سێ ساڵدا زیاتر له‌ حەڤدە ملیۆن و نیو گه‌شتیار ڕوویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌

چواس خالید – هەولێر

كه‌ررتی گه‌شتیاری كۆڵه‌گه‌یه‌كی به‌هێزی ژێرخانی ئابووریه‌ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاری جددی له‌و كه‌رته‌دا كردووه‌ و داتاكان سه‌لمێنه‌رن، تا دێت شوێنی گه‌شتیاری زیادتر و ژماره‌ی گه‌شتیارانیش زیادتر ده‌بن، به‌پێی ئاماره‌كان پار زیادتر له‌ ملیۆنێك گه‌شتیاری زیادتر له‌ پێرار ڕوویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و جیاوازی نێوان پێرار و به‌س پێرار نزیه‌كی دوو ملیۆنه‌.

كه‌رتی گه‌شتیاری كه‌ كه‌رتێكی به‌هێزی بوژاندنه‌وه‌ی وڵات و سه‌رچاوه‌یه‌كی پڕداهاته‌ و ده‌كرێت پشتی پێ ببه‌سترێ، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كارنامه‌كه‌یدا هه‌مه‌چه‌شنه‌كردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و بووژاندنه‌وه‌ی وڵات هه‌یه‌ و هاوشێوه‌ی كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و بازرگانی و هتد…، له‌ماوه‌ی ڕابردوو گرنگی تایبه‌تی به‌ كه‌رتی گه‌شتیاری داوه‌ و له‌مڕووه‌وه‌ پێشكه‌وتنی به‌رچاو هه‌یه‌.
به‌پێی ئاماره‌كانی ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان ساڵ به‌ ساڵ ژماره‌ی گه‌شتیاران ڕووه‌ و به‌رزییه‌، پار حه‌وت ملیۆن و دوو سه‌د و حه‌فتا و نۆ هه‌زار و نۆ سه‌د و سێزده‌ گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ژماره‌ی گه‌شتیارانی ئه‌مساڵ زیادتریش بێت.
ئه‌و ژماره‌یه‌ی گه‌شتیاران له‌كاتێكدایه‌، پێرار كۆی گشتی ژماره‌ی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان، شه‌ش ملیۆن و سه‌د و شه‌ست و هه‌شت هه‌زار گه‌شتیار بووه‌، واتا ژماره‌ی گه‌شتیارانی پار نزیكه‌ی ملیۆنێك و سه‌د و دوازده‌ هه‌زار گه‌شتیار له‌ پێرار زیادتره‌.
هه‌ر به‌پێی داتاكانی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌ی گه‌شتیارانی پێرار، نزیكه‌ی دوو ملیۆن گه‌شتیار له‌ هی به‌س پێرار زیادتره‌، كه‌ ساڵی ٢٠٢١ ژماره‌ی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی ڕوویان له‌ هه‌رێی كوردستان كردووه‌، چوار ملیۆن و سه‌د و هه‌شتا و نۆ هه‌زار و چوار سه‌د و سی و یه‌ك كه‌س بووه‌.

به‌و پێیه‌ له‌ سێ ساڵی ڕابردوودا حه‌ڤده‌ ملیۆن و شه‌ش سه‌د و سی و حه‌وت هه‌زار و سێ سه‌د و چل و چوار گه‌شتیار ڕوویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرووه‌، ئه‌و ژمارانه‌ی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان دڵخۆشكه‌ره‌ و له‌كاتێكدایه‌، ساڵانی ڕابردوو و ژماره‌ی گه‌شتیاران له‌ باشترین دۆخدا، ساڵی ٢٠١٣ ی به‌ر له‌ شه‌ڕی داعش و گرژییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد و په‌تای كۆڕۆنا بووه‌، له‌و ساڵه‌دا ژماره‌ی گه‌شتیاران ته‌نیا سێ ملیۆن گه‌شتیار بوو.
ساڵانه‌ به‌تایبه‌ت له‌كاتی بۆنه‌ و پشوه‌كاندا، گه‌شتیاران له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق زیادتر ڕووله‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، گه‌شتیار كه‌ داهاتی باش له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێت و هۆكارێكه‌ له‌ جوڵه‌ی بازاڕه‌كان و داهاته‌كه‌ی ڕاسته‌وخۆ ده‌چێته‌ گیرفانی دانیشتوانی شار و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانه‌وه‌، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاری جددی له‌و كه‌رته‌دا كردووه‌، به‌پێی داتاكان، له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا شه‌ست و چوار پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری گرنگ له‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بنیات نراوه‌.
به‌پێی زانیارییه‌كان و له‌ژێر ڕۆشنایی فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتوگوزار، ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار پلانێكی هه‌شت ساڵه‌ی ئاماده‌كردووه‌ بۆ پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتوگوزار و زیادتركردنی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان له‌و بواره‌دا، هه‌ر له‌ بنیاتنانی تاوه‌ری گه‌شتیاری و پارك و ته‌فریك و كردنه‌وه‌ی شوێنی كلتووری و كۆمه‌ڵگه‌ی وه‌رزشی و باخچه‌ی ئاژه‌ڵان و هۆڵی سینه‌مایی گه‌وره‌ و به‌ستنی ئیڤێنت و كۆنفڕاسی جیاواز و كردنه‌وه‌ی پێشه‌نگای تایبه‌ت به‌ گه‌شتوگوزار.
به‌گوێره‌ی ئاماری ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار، ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان نزیه‌كی سێ هه‌زار شوێن و بنكه‌ی گه‌شتیاری هه‌یه‌، كه‌ چوار سه‌د و شه‌ست و هه‌شت میوانخانه‌ و دوو سه‌د و شه‌ست و حه‌وت مۆتێل و سی و سێ كۆمه‌ڵگه‌ی گه‌شتیاری و بیست گوندی گه‌شتیاری هه‌نه‌ كه‌ توانای له‌خۆگرتنی شه‌ست و سێ هه‌زار و شه‌ش سه‌د و هه‌شتا و دوو كه‌سیان هه‌یه‌، هاوكات له‌ هه‌رێمی كوردستان پێنج سه‌د و بیست و چوار چێشتخانه‌ و شه‌ش سه‌د و په‌نجا و حه‌وت كافتریا و پێنج سه‌د و هه‌ژده‌ كۆمپانیا و نووسینگه‌ی گه‌شتیاری و هتد…، هه‌نه‌، كه‌ پێشتر ئه‌و ژمارانه‌ گه‌لێك كه‌متر بوون.

به‌پێی ئاماره‌كه‌، سێ سه‌د و هه‌شتا میوانخانه‌ و مۆتێل و دوو سه‌د كافتریا و چوار سه‌د چێشتخانه‌ی گه‌شتیاری له‌ هه‌ولێری پایته‌خت هه‌نه‌، له‌ سلێمانیش شه‌ش سه‌د بنكه‌ی گه‌شتیاری میللی هه‌نه‌، كه‌ جگه‌ له‌ مۆتێل و هۆتێل، كابینه‌ی گه‌شتیاری، چێشتخانه‌، ڕێستۆرانت و كافتریایان له‌نێودایه‌.