حکوومەتی عێراق هەمواری یاسای بودجەبۆ پەرلەمان دەنێرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە ھەمواری یاسای بودجەی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە خەرجی ڕاستەقینە جیاکراوەتەوە، ئەگەر ئەم ھەفتەیە ئەنجوومەنی وەزیران ھەمواری یاساکە تەواو بکات لە ماوەی یەک مانگدا پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدات، ئێدی مووچەی کوردستان ڕاستە ڕێ دەبێتەوە و چاوەڕوانی نامێنێت، تێچووی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستانیش زیاد دەبێت. د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: حکوومەتی عێراق لە ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم زیاتر لە سێزدە ملیار دۆلار زەرەری کردووە.

ئەندامانی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق، دەڵێن: ئەگەر ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێ نەکاتەوە، ناردنی ئەو شەش سەد و ھەژدە ملیار دینارە بەردەوام دەبێت کە بەغدا لەسەر بنەمای بودجەی ھەرێمی کوردستان دیاری کردووە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، دواکەوتنی ھەمواری یاسای بودجە پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە نییە، چونکە حکوومەتی عێراق دەیەوێت زۆر ماددە و بڕگەی دیکەی یاسای بودجە ھەموار بکاتەوە، تا ئێستە سەرقاڵی گەلالەکردنی ھەموارەکەیە کە لە دادگەی باڵای فیدراڵی تانەی لێدراوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کرا، ھەر ئەوەیە پەسەندکردنی ھەمواری یاساکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی دواخستووە، نەک ئەو ھەموارەی کە پەیوەندی بە بڕگە و ماددەکانی تایبەت بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە.
پەرلەمانتاران، زیاتر دەڵێن: ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بڕیاری ھەموارکردنەوەکەی داوە، محەممەد شییاع سوودانیش لەسەر ئەو بنەمایە دەڵێت: یاساکە دەگۆڕین و ھەمواری دەکەینەوە، لە بەرژەوەندی مووچەخۆری کوردستان.
پەرلەمانتارانی لیژنەی ئابووری، ئاشکراشی دەکەن: ئەگەر ئەم ھەفتەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ھەمواری یاسای بودجەی ٢٠٢٤ تەواو بکات، لە ماوەی مانگێکدا سەرجەم ڕێکارەکان تەواو دەکرێن و پەرلەمان کۆتایی بەو مشتومڕە دێنێت، ئەوەی پەیوەندی بە فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، لە ھەمواری یاساکە لە ئەنجوومەنی وەزیران تەواو کراوە و مووچەی فەرمانبەران لە خەرجی ڕاستەقینە جیا کراوەتەوە، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا دەستکاریکردنی خشتەی بودجەیە، چونکە بڕگەیەکی یاسای ھەیە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات گۆڕانکاری لە خشتەی بودجە لە پەرلەمانی عێراق دەخرێتەڕوو، بۆیە پێمانوایە ھەمواری یاسای بودجەی ٢٠٢٤ لە ماوەی مانگێکدا تێدەپەڕێت، فراکسیۆنە جیاوازەکانیش پشتیوانی لە چارەکردنی کێشەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکەن و قەبووڵ ناکەن فەرمانبەر لە عێراق خزمەت بکات و ماف و شایستەی خۆی وەرنەگرێت، بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران تا ئەو کاتەی ھەمواری یاسای بودجە دەکرێت، لە دەرەوەی قەرز و سولفە حکوومەتی عێراق مانگانە لە چوارچێوەی خەرجی ڕاستەقینە پشکی ھەرێمی کوردستان دابین دەکات.
ئەگەر بەپێی یاسای بودجە بێت، لە ساڵێکدا زیاتر لە شازدە ترلیۆن دینار پشکی ھەرێمی کوردستانە، بەڵام بەھۆی ئەوەی بەغدا لە چوارچێوەی خەرجی ڕاستەقینە مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکات، ئەو بڕە نەک ھەر زۆر کەمکراوەتەوە بەڵکو ھەر نانێرن، ئەمەش کێشەی گەورەی بەردەم مووچەخۆرانە، تەنیا بە جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە خەرجی ڕاستەقینە دەتوانێت ئەم بارە لارە ڕاست بکرێتەوە.
جنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش، ڕایگەیاند: دەبێت بەغدا مووچەی کوردستان بدات تا مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی پێ دابین بکرێت. دەشڵێ: بۆ پاراستنی سەقامگیری دەبێت ھەرێمی کوردستان ھاوکاری دارایی پێ بدرێت، لەبەر نەبوونی ڕێککەوتنی درێژخایەن سەبارەت بە بودجە ناکۆکی ھەولێر و بەغدا خەڵکی کوردستان بوونەتە قوربانی.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق، گوتی: لێک تێگەیشتن ھەیە لە نێوان ھەردوو حکوومەت تا ئاستی ڕێککەوتن لەسەر ئەو ماددانەی کە پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستانەوە کە چۆن ھەموار بکرێتەوە، بەڵام ھەموارکردنەوەی بودجە تەنھا ئەو ماددانەی پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستانەوە ناگرێتەوە، بەڵکو لایەنەکانی دیکەش، خودی حکوومەتی فیدراڵ، وەزارەت و پارێزگاکانیش داواکاریان ھەیە، بۆیە ھەموو ئەمانە دەکرێنە یەک پاکێج و دەنێردرێنە پەرلەمان، بۆیە چاوەڕوانی ھەمواری بودجە دەکەین، بۆ ئەوەی ھەتا زووە ئەو غەدرەی کە لە کورد کراوە لە یاسای بودجە کە پێچەوانەی دەستوور و یاسایە ڕاست بکرێتەوە، بۆ ئەوەی چی دیکە قوتی خەڵکی کوردستان نەبێتە گەمەی سیاسی.
ئەوەی تایبەت بێت بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، لە مانگی ئادارەوە بەپێی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان و کەرکووک بۆ دەرەوە لە ڕێگەی بەندەری جەیھانەوە ڕاگیراوە، ڕۆژی سێشەممە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ھاوبەش ئیمزا، ئەو کات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھیوای خواست، ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز، بەڵام زیاتر لە دە مانگ بەسەر ئەو ڕێککەوتنەدا تێدەپەڕێت و تا ئێستە حکوومەتی عێراق جێبەجێی نەکردووە.
بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، پێویستە ڕۆژانە ھەرێمی کوردستان چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات، لەبەرامبەردا شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دابین بکرێت، بەڵام بەغدا پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبوو، وەزیری نەوتی عێراق، دەڵێت: ھەوڵدەدەین ھەموو کێشەکان چارە بکەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئاسانتر دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: پێشتر وەزیری نەوتی عێراق سەردانی ھەولێری کردبوو و لەگەڵ کۆمپانیاکانی بواری نەوت کۆبوونەوەی کردبوو و لە نێوان ھەردوو لادا لێکتێگەیشتنی باش ھەبوو بۆ ئەوەی تێچووی دەرھێنانی نەوت زیاد بکرێت، ئێستە لە وەزارەتی نەوت ڕێککەوتن کراوە کە تێچووی دەرھێنانی نەوت بۆ ھەر بەرمیلێک لە نێوان ١٨ بۆ ٢٠ دۆلار بێت، بۆیە بڕیارە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت، ئەوانیش بۆ ھەموارکردنەوە ڕەوانەی پەرلەمانی بکەن، چونکە ئەو بڕگەیە گرێدراوە بە ماددەی ھەمواری مووچەی فەرمانبەران، لە ماددەی ١١ی بڕگەی دوو، لە یاسای بودجە باسی دەکات و پێویستە ھەردووکیان پێکەوە ھەموار بکرێنەوە، بۆیە کە ھەموار کرایەوە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە ھیچ بەربەستێکی نامێنێت و دەستپێدەکاتەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: پێشتر مەبدەئی ڕێککەوتبوون ئێستە جێگیرکراوە بۆ ئەوەی لە پەرلەمان ھەمواربکرێتەوە، چونکە دەیانەوێت ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان زوو دەستپێبکاتەوە و تورکیاش ئامادەیە، لە بەرژەوەندی حکوومەتی عێراقیشدا نییە زیاتر دوابکەوێت، چونکە لە ٢٥/٣/٢٠٢٣وە ھەناردەی نەوت ڕاگیراوە تا ئێستە، زەرەرەکەش دەگاتە زیاتر لە سێزدە ملیار دۆلار، تەنیا ئەو بەربەستە مابوو ئەوەش تەواو بێت ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە، چاوەڕێی ھاتنی ھەمواری یاسای بودجە دەکەین بۆ پەرلەمان، ھەر بگات دەست بەھەموارکردنەوەی دەکەین.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێگر بووە لە تێپەڕاندنی، بابەتی نەوت و گاز تەنیا پەیوەندی بە حکوومەتی فیدراڵییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە ھەیە، دەبێ بە ھاوئاھەنگی و ھاوبەشییەوە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز بنووسرێت.

ھەواڵی زیاتر