یەکێتیی زانایان سکاڵا لەسەر نوێنەری زەردەشتییەکان تۆماردەکات

یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە سوکایەتیکردن بە قورئان و پیرۆزییەکانی ئیسلام، سکاڵای یاساییان لەسەر نوێنەری زەردەشتییەکان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرد.

رۆژی یەکشەممە (11ـی شوباتی 2024) یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە” “لە نووسراوێکدا بە ژمارە (134) یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە مەبەستی رێگریکردن لە سوکایەتیکردن بە قورئان و پیرۆزییەکانی ئیسلام، سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو ئافرەتە بەناو نوێنەری زەردەشتییەکانی کوردستان تۆمار کرد، کە لە لێدوانێکی بۆ کەناڵێکی راگەیاندن سوکایەتی بە قورئان و پیرۆزییەکانی ئایینی ئیسلام کرد و نیگەرانی لێکەوتەوە”.

لە راگەیەندراوەکەی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستاندا هاتووە: “نووسراوەکە ئاراستەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەولێر کراوە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو جۆرە سوکایەتییە پێچەوانەی دەقەکانی دەستووری عێراق و ماددەی 372ـی یاسای سزادانی عێراقی و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانە”.

هەروەها یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان جەختیکردووەتەوە، لە سکاڵاکەیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە کە ئەم کارە دەبێتە هۆکاری تێکدانی سەقامگیری کۆمەڵگە و کاریگەری نەرێنی لەسەر پێکەوەژیانی ئایینی دەبێت لە هەرێمی کوردستان.

هاوکات یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەپێویستی زانیوە کە رێگە بگیرێت لەهەر کەسێک کە بیەوێت لەژێر هەر ناوێک بێت بێڕێزی بە بیروباوەڕ و پیرۆزیی هەر ئایینێک بکات لە هەرێمی کوردستان.

رۆژی شەممە (10ـی شوباتی 2024) بەڕێوەبەرایەتی پێكەوەژیانی ئایینەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی لێدوانی کەسێک کە خۆی وەک نوێنەری زەردەشتییەکان ناساندبوو، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە: “لە چاوپێكەوتنێكدا ئەو کەسە، بەشێوەیەكی نالۆژیك و دوور لەبەھای پێكەوەژیان، ھەندێك رستەی نەشیاو بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز و (واجباتی تری ئایینی) بەكارھێناوە و بەتوندی ئیدانەی ئەو جۆرە لێدوانانە دەكەن، كە دژی بنەماکانی ئایین و پێكەوەژیانە”.

بەڕێوەبەرایەتی پێكەوەژیانی ئایینەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی راشیگەیاندووە: “ئەو كەسەی ئەم لێدوانەی داوە ھیچ پەیوەندییەكی بە نوێنەرایەتی زەردەشتییان لە وەزارەت نییە و ئەمەش رای زەردەشتییەكان نییە بەڵكو ئاماژە و دەربڕینەكانی گوزارشتە لە كەسی خۆی”.