شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا

شاندێكی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان كه‌ پێكهاتوون له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێریی دارایی هه‌رێم گەیشتنە بەغدا.

هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت راگەیاند، بە مەبەستی دروستکردنی تیمی هاوبەش، بۆ یەکخستنی رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوه‌ندی عێراق، شاندێکی هاوبەشی بەڕێوبەرایەتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان گەیشتنە بەغدا.

شاندە تەکنیکییەکەی هەرێمی کوردستان، بڕیارە چەند رۆژێک لە بەغدا بمێننەوە، بۆ بەشداری لە چەندین خولی هاوبەش، لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی عێراق.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە سێیەمین شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ چارەسەری پرسی بودجە و مووچە دەچێتەوە بەغدا، جاری یەکەم سەرەتای ئەمساڵ بوو، سەربارەت بە سەردانەکە وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاندبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، لەسەر ئاستی هەردوو سەرۆکوەزیران هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رێگای هەمواکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2024، بڕیارە شاندی هەرێم لە بەغدا چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق ئەنجام بدەن، هەروەک یاسای نەوت و گازو چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم تەوەرێکی تری گفتوگۆکانی شاندی هەرێمن لە گەڵ بەغدا.