زیادبوونی ژمارەی خانووە پلاستیکییەکان لە هەرێم ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بەرەوپێشچوونی کەرتی کشتوکاڵ

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

خانووە پلاستیکییەکان بەرهەمی کشتوکاڵیان لە هەرێمی کوردستان زیاد کردووە و کشتوکاڵی هەرێمیان بوژاندووەتەوە و بەهۆی زیادبوونی ژمارەیان لە زۆربەی بەرهەمەکاندا هەرێم پێویستی بە هاوردەی دەرەوە نەماوە و تەنانەت زۆرێک لە بەرهەمەکان هەناردەش دەکرێن و جیا لەمەش بەهۆی ئەو خانووە پلاستیکییانەوە بەردەوام سەوزە و میوەی هەموو وەرزەکان لە بازاڕەکانی هەرێم بەردەستە.

لەم چەند ساڵانەی دواییدا دامەزراندنی خانووی پلاستیکی بۆ بەرھەمھێنانی چەندین جۆر بەرھەمی كشتوكاڵی لە ھەرێمی كوردستان گرنگی پێدەدرێت و ئێستاکە لە هەرێمی کوردستان ٢٩هەزار و ٤٢٠ خانووی پلاستیکی کشتوکاڵی هەن کە جووتیاران کاری بەرهەمهێنانی به‌روبومه‌كانی وەک خەیار و کولەکە و تەماتە و باینجان و زۆر بابەتی دیکەی تێدا دەکەن و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵیش بەرهەمی ساڵانەی ئەو خانووە پلاستیکییانە دەگاتە زیاتر لە ٦٠٠هەزار تۆن.
بەپێی توێژینەوەکان لە جیهاندا بەرهەمی ژێر خانووی پلاستیکی سێ بۆ چوار هێندەی بەرهەمی کشتوکاڵی دەرەوەی خانووە پلاستیکییەکانە بەهۆی گونجاوی کەشوهەوای ناو خانووەکانەوە. هاوکات بەرهەمەکانی ژێر خانووە پلاستیکییەکان بەڕێژەیەکی زۆر لە خراپبوون پارێزراوترن لەچاو بەرهەمەکانی دەرەوەی خانووە پلاستیکییەکان.
بەگشتی ساڵانە ملیۆنێک و ٤٠٠هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی لە سەوزە و میوە جیاوازەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێن کە ٦٤٪ی بەرهەمی ناوخۆییە و لە ٣٦٪ـی هاوردە دەکرێت. ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە جوتیاران ناتوانن لە هەموو مانگەکانی ساڵدا لە ژێر خانووە پلاستیکییەکاندا بەرهەمیان هەبێت بەڵکو بەهۆی ساردی کەشوهەواوە جوتیاران ساڵانە هەشت مانگ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان لەژێر خانووە پلاستیکییەکاندا بەرهەم دەهێنن.
بە پێی ئامارێکی وەزاروتی کشتوکاڵ سلێمانی ٢٢هەزار و ١٠٣ خانووی پلاستیکی هەیە، دهۆک سێ هەزار و ٢٦٣ خانوو و هەولێر سێ هەزار و ١٢٧ خانوو و گەرمیان ٣٦ خانوو و هەڵەبجە ٣٠ خانووی پلاستیکی کشتوکاڵیان هەیەن کە سێ هەزار و ٨١٣ جوتیار خاوەندارێتی ئەو خانووانە دەکەن و ١٤هەزار و ٧٠٨ هەلی کاریان بۆ هاوڵاتیان ڕەخساندووە.
بەپێی ئامارەکان قەزای بازیان سەر بە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان زۆرترین خانووی پلاستیکی تێدایە و تەنانەت بە شاری خانووە پلاستیکییەکان ناسراوە کە لەگەڵ ئەوەشدا ڕوووبەرەکەی بچووکە بەڵام نزیکەی ١٥٠٠ خانوی پلاستیکی تێدایە کە ٨٠٠ جوتیار خاوەندارێتیان دەکەن و بەرهەمی ساڵانەیان نزیکەی ٢٠هەزار تۆنە. بەپیتی خاکەکەی و بوونی ئاوی ژێر زەوی و گونجاوی ئاو و هەواکەی هۆکاری سەرەکین بۆ زۆری بەرهەم و ئەو ژمارە زۆرە لە خانوی پلاستیکی لەو ناوچەیەدا.
بە وتەی شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی، قەزای بازیان شاری سلێمانی دەکاتە یەکەم پارێزگا لەسەر ئاستی ئێراق لەڕووی زۆری ژمارەی خانووە پلاستیکییەکانەوە.
وتیشی؛ بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان دەرفەتی کارەکان لەو پڕۆژە کشتوکاڵیانەدا زیاتر بکەن.
بە پێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی تەنها ساڵی پار ١٨٥هەزار تۆن خەیار و تەماتە تەنها لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەرهەم هێندراوە.
هاوکات جگە لە خانووی پلاستیکی ئێستاکە لە شاری هەولێر لە هەوڵێکی نوێدا خانووی شووشەیی دروستکراوە بۆ زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی کە دەتوانێت لە هەموو مانگەکانی ساڵدا بەرهەمی هەبێت.
پڕۆژەکە نزیکەی دوو ساڵە دەست بە دروستکردنی کراوە و ئێستاکەش گەیشتووتە قۆناغی بەرهەمهێنان و هەفتانە نزیکەی ١٠تۆن تەماتە بەرهەمدەهێنێت و لە پلانیشتیاندایە کە بەرهەمی جۆراوجۆری تریشیان هەبێت.
جێی باسە بە پیشەسازیکردنی بواری کشتوکاڵ لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەرەوپێشچوونێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە پڕۆژەکانی بواری پیشەسازی وکشتوکاڵی بە سود وەرگرتن لە تەکنیکی نوێی کارکردن ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بەرەوپێشچوونی ئەم بوارە.

ھەواڵی زیاتر