دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئەنجامدانی هاوسەرگیری دووەم بە نهێنی زۆربووە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

بە گوێرەی یاسا، هێنانی ژنی دووەم لە هەرێمی کوردستان قەدەغەیە و مەرجدارکراوە، بەڵام دیاردەی فرەژنی بەردەوامی هەیە، چەند ژنێک کە هاوسەرەکانیان ژنی دیکەی بەسەردا هێناون جەخت دەکەنەوە کە سکاڵایان کردووە، بەڵام ئەگەر هاوسەرگیریەکە لە دەرەوەی هەرێم کرابێت ئەوا دادگاکانی هەرێم هیچ دەسەڵاتێکی سزایان نیە.

توێژەری کۆمەڵایەتی ئەمیر ئەمین دەربارەی هاوسەرگیری نهێنی گوتی: هاوسەرگیری نهێنی لە كوردستان تەشەنەی كردووە و بەشێك لە پیاوان ژنی دووەم یان سێیەم دەهێنن كە عەرەبە و بەو هۆیەوە ژنی یەكەمیان پشتگوێ دەخەن و هەندێك لەو ژنانە خەریكە شێت بن لە داخا. بەداخەوە ئێستا ئەنجامدانی هاوسەرگیری دووەم بە شێوەیەکی نهێنی زۆربووە. بەشێکی زۆریش لەو پیاوانەی کە بە نهێنی هاوسەرگیری دووەم ئەنجام دەدەن، بەرپرسیارێتی گەورەیان هەیە. هەندێکیان ژنی دووەم تەنیا لای مامۆستای ئایینی مارەی دەبڕن و هەندێکیشیان لە ژێر دەسەڵاتی دادگاکانی حکوومەتی ناوەندی گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن. زۆربەی ئەو پیاوانەی هاوسەرگیری دووەم بە دزییەوە ئەنجام دەدەن پارەدارن و گوێیان لێنییە.
ئەو توێژەری کۆمەڵایەتییە زیاتر گوتی: ئەو پیاوانەی کە بەر لەوەی هاوسەرەکانیان گرێبەستی هاوسەری دووەم ئەنجام بدەن، دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن دەتوانن ڕێوشوێنی یاسایی لە دژیان بگرنە بەر، بەڵام کاتێک گرێبەستیان ئەنجامدا، لەبەرئەوەی لە دادگایەکی فەرمییە ناتوانرێت لە دادگا هیچ بڕگەیەکی یاسایی لە بەرامبەری جێبەجێبکرێت. ژمارەیەكی زۆرتری ژن هەر سكاڵاش ناكەن و شەرم دەكەن بابەتەكە بورووژێنن. بەڵام مەترسییەكە لەوەدایە كە ژنەكان لە بارودۆخێكی دەروونی ئەوەندە خراپدان، هەندێكیان بیر لە تۆڵەكردنەوە دەكەنەوە لە پیاوەكە، بە رەفتاری هاوشێوە یان دروستكردنی پێوەندی نهێنی. یەكێك لە هۆكارەكانی ناپاكی هاوسەریی، پێشێلكردنی ئاشكرای مافەكانی یەكترە لە ماڵەكەدا، زۆرتریش لەلایەن پیاوەوە ڕوو دەدات و تەنانەت بە دزییەوە ژن دێنن، بۆیە كاتێك ژنەكە بەوە دەزانێ، تۆڵەسەندنەوە دێتە ئاراوە لە مێردەكەی، چونكە مێردەكەی لە بەرچاوی خۆی مافی پێشێل دەكات و ژنێكی تر دەهێنێ بەدزی، ئەویش هەندێك جار دەست دەبات بۆ تۆڵەكردنەوە، جا هەر كەسە و بە جۆرێك تۆڵە دەكاتەوە.
ئەم توێژەرە کۆمەڵایەتییە دەڵێتیش: لێکەوتەی هاوسەرگیری نهێنی زۆرە، بەشێکیان بەر لەوەی ئاشکرابێت جیادەبنەوە، چونکە ئەمجۆرە کەسانە ناتوانن ئازادانە بەیەکەوە پیاسەیەک بکەن یان پیاوەکە هاتووچۆی ژنی دووەمی بکات، لەبەرئەوە ژنەکە بێزاردەبێت. هەندێجاریش کاتێک ژنی یەکەم دەزانێت پیاوەکە ناچاردەبێت ژنی دووەم تەڵاق بدات، هەندێجاریش بەبێ ئەنجامدانی گرێبەست لە دادگا منداڵ لە دایک دەبێت ئەوکاتەش کێشەکان ئاڵۆزتر دەبن. لەبەر ئەوە پێویستە سزای یاسایی بۆ ئەم کەسانە جێبەجێبکرێت، چونکە بەبێ ئەوەی حساب بۆ هاوسەرو منداڵەکانی بکات هاوبەشیان بۆ دەدۆزێتەوە لە زۆربەی حاڵەتەکان لە ئاییندەدا ئەم منداڵانە ڕقیان لە یەکتر دەبێت، هەتا دەبنە دژی باوکیشیان واتە خێزانەکان ناکۆک دەبن و هەڵدەوەشێنەوە. زۆربەی ژنەکان دەڵێن دەبێت هاوسەرەکەم یان لە من جیاببێتەوە یان لەو ژنەی هێناویەتی، ئیتر دەبێت خۆی هەڵیبژێرێت. هاوسەرگیری نهێنی زۆر بووە و پیاوان ژنی دووەم و سێیەم دەهێنن و ژنی یەكەم پشتگوێ دەخەن، بۆیە جۆرێك لە تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ژنەوە سەری هەڵداوە. پیاو هۆكاری ئەو هاوسەرگیرییە نهێنییە بۆ ئەوە دەگێڕنەوە ژنەكانی خۆیان نازانم چێژ دروست بكەن و جەوی خۆشی خێزانی بسازێنن، لە بەرانبەردا ئەو ئارەزووانەیان لای ژنی عەرەب دەست دەكەوێ، بۆیە بە نهێنی مارەی دەكەن و هەموو ئەو باشیی و سۆزەی دەبوو بیدەن بە ژنی یەكەم، دەیدەن بە عەرەبەكە.
ئەو توێژەرە دەربارەی هاوسەرگیری سێیەمیش دەڵێ: ئەوەندەی ئاگاداربم حاڵەتی ژنهێنانی دووەم زیاترە لە سێیەم، هەندێكیان هاوسەرگیرین و هەندێكیشیان پێوەندییە و لە شوقەكاندا بەڕێوە دەچێ، تەنانەت دۆسییە هەیە پیاو خانووەكەی فرۆشتووە شوقەی كڕیوە بۆ ئەوەی ژنی دووەمی تێدا دابنێ، ژنی دووەمیش نا، بەڵكو بۆ ئەوەی ژیانی لەگەڵ دروست بكات و جەوی لەگەڵ خۆش بكات.
وەک ئاشکرایە بەهۆی خۆشگوزەرانی و گەشەكردنی شێوازەكانی ژیان، لە هەرێمی كوردستان هەزاران بیانی و ئاوارەی وڵاتان ڕوویان تێكردووە و جۆرەها دیاردە و پێوەندی تازەی كۆمەڵایەتیی دروست بووە.