گەنجێکی دیکەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم لە سێدارەدانە

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداری لە ئەگەری لە سێدارەدانی گەنجێکی 34 ساڵەی کوردی یارسان دەدات، کە یەکێكە لە دەستگیرکراونی خۆپیشاندانەکانی ئێران، هەروەها داوای راگرتنی سزای لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرەکە و دووبارە پێداچوونەوە بە کەیسەکەیدا دەکات. دایکی گەنجەکەش دەڵێ؛ “کوڕەکەم بێتاوانە و لەسێدارەی مەدەن”.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ رەزا رەسایی لە چوارچێوەی دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانە بەڕێوەچووە، کە لە ژێر کاریگەریی ئەشکەنجەدانێکی توند، لێدانی تەزووی کارەبا، هەناسە لێبڕین و هەڵواسین و چەندین جۆری دیکەی توندوتیژی، کە ناچار بە دانپێدانێکی هەڵبەستراو کراوە، و شینهەڵگەڕان و شکان وبریندارکردنی چەند شوێنێکی لاشەی بەڵگەی ئەشکەنجەدانێکی توندە، هەر بۆیە پارێزەرەکانی رەسایی بە هۆکاری بوونی چەند ناڕوونییەک داوای راگرتنی سزاکە و پێداچوونەوەیان بە بڕیاری دادگا کردبوو، بەڵام دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران داواکاریی پارێزەرەکانی رەزا رەساییان بە پاساوی ئەوەی هیچ مەرج و بنەمایەکی یاسایی تێدا نییە، رەتیکردەوە.

هۆبەی دووی دادگای تاوانەکان لە کرماشان لە 12ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، بۆ تۆمەتی کوشتنی نادر بەیرامی، بەرپرسی هەواڵگری سوپای پاسدارانی شارۆچکەی سەحنە بە سزای لەسێدارەدان سزای دا.

لە پەیامێکی دەنگیدا دایکی رەزا رەسایی، بە گریانەوە جەخت لە بێتاوانی کوڕەکەی دەکاتەوە تکا دەکات و داوای هاوکاری دەکات بۆ ئەوەی سزای لەسێدارەدانی کوڕەکەی جێبەجێ نەکرێت و هەڵوەشێنرێتەوە.

نادر بەیرامی بەرپرسی هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێران لە شارۆچکەی سەحنەی پارێزگای کرماشان لە 18ـی تشرینی دووەمی 2022 کوژرا، لە ئەنجامی ئەو توندتیژییەی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانی ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی روویداو، هەفتەیەک دوای رووداوەکە رەزا رەسایی و 10 هاووڵاتیی دیکەی کورد بە تۆمەتی لێدان و بریندارکردنی نادر بەیرامی دەستگیرکران.

هەروەها ناوەندی دادبان، کە ناوەندێکی راوێژکاری یاسایی و راهێنانی چالاکوانانە بڵاویکردووەتەوە، هەرچەندە دەزگا ئەمنییەکان ئەو گەنجە یارسانەیان بە کوشتنی بەپرسەکەی سوپای پاسداران تۆمەتبارکردووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستی دادگا و دادوەرەکە نییە بۆ سەلماندنی تاوانەکە، تەنانەت لەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت رەزا رەسایی دوای کوژرانی نادر بەیرامی دەگاتە شوێنی خۆپیشاندانەکان.

بەگوێرەی ئامارەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران تاوەکوو ئێستا نۆ گەنجی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی بەهۆی خۆپیشاندانەکانی دژ بە کوشتنی ژینا ئەمینی لەسێدارەداوە.