دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە زاخۆ دانرا

بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار دینار بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دانرا. سەرپەرشتیاری ئیدارەکەش دەڵێت، لە خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییان بەبێ جیاوازی بەردەوام دەبن.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 08-02-2024، لە ژێر چاودێری گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ؛ بە گوژمەی یەک ملیار و 986 ملیۆن و 285 هەزار دینار، بەردی بناغەی نووژەنکردنەوەی (کانیا دێرەبوونێ،  هۆڵی لالش، دێرا مارگورگیس) و دروستکردنی بازگەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دانرا. بەشێک لەو پڕۆژانە دەکەونە سنووری ناحیەی رزگاری.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کاتی دانانی بەردی بناغەی ئەو پڕۆژانە رایگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵ و سێ مانگی رابردوودا کە زاخۆ بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی سەدان ملیار دینار پڕۆژەی جۆراوجۆری لە سنووری زاخۆ ئەنجام داوە و، بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان.

بە گوتەی گوهدار شێخۆ، لە ماوەی دوو ساڵ و سێ مانگی رابردوودا، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و لە پێناو خزمەتکردنی زیاتریی هاووڵاتییان؛ کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی زیاتر لە 30 ملیار دینار پڕۆژەی لە بوارەکانی رێگاوبان، گەشتوگوزار، ئاوەڕۆ و کارەبادا لە سنووری ناحیەی رزگاری ئەنجامداوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا 3359 پڕۆژە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێکراون؛ 1730 پڕۆژەیان لەسەر بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان بووە و 1629 پڕۆژەیان لەسەر بودجەی وەبەرهێنان.

رۆژی یەکشەممە، 19-11-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی هەردوو پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی و کارگەی ریسایکلینی زبڵ و خاشاک لە زاخۆ، لە گوتارێکدا رایگەیاند: “لە ماوەی ساڵانی رابردوودا کارمان کرد بۆ ئەوەی پڕۆژەی وەکو ناوچەی پیشەسازی لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان هەبن. ئەم پڕۆژانە هەلی کار بۆ هەزاران گەنج دەرەخسێنن و ئابووری هەرێمی کوردستان بەرەو پێش دەبەن”.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، “بەرەوپێشبردنی کەرتی پیشەسازی و کەرتەکانی دیکە، کاریگەریی بەرچاوی لەسەر پێشکەوتنی کوردستان دەبێت. ئەمڕۆ لە جیهاندا، ئەو وڵاتانە بە پێشکەوتوو دەزاندرێن کە لەڕووی پیشەسازییەوە پێشکەوتوون و پێداویستییەکانی رۆژانەی مرۆڤ بەرهەمدەهێنن”.