لێخۆشبوونی ١٥%ـی قەرزی ھاوبەشانی ئاو درێژکرایەوە

لە پێناو بەرژەوەندی ھاووڵاتییان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە لێخۆشبوونی لە ١٥%ی کرێی ئاوی درێژکردەوە، ئەوەش تا ١٠ی مانگی داھاتوو بەردەوام دەبێت، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی دۆخەکە و ھاوکاری کردنی ھاووڵاتییان، بەگوێرەی داتاکان لە ماوەی درێژکردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزی پارەی ئاو تا ئێستە سێ سەد و سی ھەزار ھاوبەشی ئاو لەو بڕیارە سوودمەندبوونە.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای دەکات: ئامانجی حکوومەت لەم بڕیارە ھاوکاریکردنی ھاووڵاتییانە لەو قەرزانەی لەسەریان کۆبووەتەوە.
ھاووڵاتییان پێنج جار سوودمەندبوونە لە بڕیاری لێخۆشبوونی ١٥%ی پارەی ئاو، داواش دەکەن بڕیاری لێخۆشبوون بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی بەردەوام سوودمەند بن. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی کردبوو داوای کردبوو پاڵپشت بە ڕەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، کاری پێویست بکرێت بۆ جێبەجێ کردنی بڕیاری لێخۆشبوون لە دانەوەی قەرز لەسەر ھاوبەشانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ کە لە ڕێککەوتی ١٠-١٢-٢٠٢٣ دەستی پێکردووە و لە ڕێککەوتی ٩-٣-٢٠٢٤ کۆتایی دێت.
ڕۆژی چوار شەممە ٦-١٢-٢٠٢٣ ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان پێشنیازی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری سەبارەت بە لێخۆشبوون و داشکانی قەرزی ھاوبەشانی کرێی ئاو پەسەند کرد.
لەماوەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تا ئێستە سێ سەد و سی ھەزار ھاوبەش بەبڕی نۆ ملیار و دوو سەد و پەنجا ملیۆن دینار لە لێخۆشبوونی پارەی ئاو سوودمەند بوونە، بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان تا ئێستە شەش سەد و چل ملیار دینار قەرزی ئاو لای ھاووڵاتییانە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ھەرێمی کوردستان بۆ دواین مانگ لێخۆشبوونەکەی درێژ کردووەتەوە و لە دوای ئەو بەروارە درێژ ناکرێتەوە.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئەو بابەتە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ ھاووڵاتییان بۆ ئەوەی بەشێک لەو کرێیانەی کە لەسەریانە کەم بێتەوە، ئەوەش وەکو یارمەتییەکە لەلایەن حکوومەت ماوە ماوە پێشکەشی ھاووڵاتییان دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو بارگرانییەی کە لەبەر باری ئابووری پەیدابووە لەسەریان کەم بێتەوە.
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: بابەتی درێژکردنەوەی ئەو لێخۆشبوونانە تایبەتمەندی خۆی ھەیە، بۆ ئەمجارە ڕەنگە تایبەتمەندییەکی زۆری ھەبێت، چونکە ڕەنگە ئەو لێخۆشبوونە کۆتا جار بێت.