لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیری بەرگری تورکیا و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کورستان، تاوتوێی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کراوە و وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت: داوامانکردووە هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کەمبکرێنەوە و چیتر وەک شوێنێک بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە دەرەکییەکان بەکارنههێندرێت.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگری تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی گرنگمان لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا ئەنجامدا و باسمان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرد.
رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا، یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا لەکاتی سەردانی بۆ بەغداش باسیان لە هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا کرد بۆ ئەوەی زیاتر بەرەو پێش بچێت و لەسەر سنوورەکانی نێوانیشیان سەقامگیرییەکی باشتر هەبێت.