زیاتر لە سی و پێنج ڕۆژە دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز خێوەتی ناڕەزایەتییان هەڵداوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

زیاتر لە سی و پێنج ڕۆژە دانیشتووانی سەد و بیست و دوو ماڵی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک لەبەرانبەر دەستدرێژییەکانی سوپای عێراق بۆ داگیر کردنی خانووەکانیان مانیان گرتووە و خێمەی ناڕەزایەتیان لە گەڕەکەکە ھەڵداوە، تا ئێستە سوپای عێراق پێنج خانووی گەڕەکەکەی داگیر کردووە و سەربازی تیادا جێگیر کردووە، ھەر چەندە لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەردانی گەڕەکەکەی کردووە و بەڵێنی چارەکردنی کێشەکەی داوە، بەڵام تا ئێستە کێشەکەیان چارە نەکردووە.

سوپای عێراق پێنج خانووی گەڕەکەکەی داگیر کردووە و بۆ شوێنی مانەوەی خۆیان بەکاردەھێنن، بەنیازن دەست بەسەر خانووەکانی دیکەشدا بگرن و دانیشتووانەکەی دەربکەن، پڕۆسەی تەعریب لە کەرکووک بەردەوامی ھەیە و لە ئێستەدا بەشێک لە گەڕەکەکانی کەرکووک لەژێر ھەڕەشەی تەعریبدان و سوپای عێراق دەیەوێت خانووەکانیان داگیر بکات، ھاووڵاتییانی گەڕەکەکەش بڕیاریان داوە درێژە بە بازنەی ناڕەزایەتییەکانیان بدەن، ئەوان جگە لە ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەیان و دەرکردنیان لە خانووەکانیان بە ھیچ بڕیارێکی دیکە ڕازی نابن، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن بڕیارمان داوە لە خانووەکانمان بمێنینەوە و دەرنەچین، چونکە بە مافی خۆمان دەزانین، سوپاش ھیچ شتێکی نییە کە بسەلمێنێت ئەو خانووانە ھی ئەوانن.
بۆ چارەکردنی کێشەی گەڕەکی نەورۆز لیژنەیەک لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێکھێنراوە و گلەیی و داواکاری دانیشتووانی ئەم گەڕەکە کراوە بە ڕاسپاردەیەک و دراوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵام تا ئێستە لیژنەکە وەڵامێکی جیددی و دڵخۆشکەری دانیشتووانی ئەم گەڕەکەی نەداوەتەوە.
شایانی باسە ژمارەی ئەو خانووانەی گەڕەکی نەورۆز کە وەزارەتی بەرگری دەیەوێت دەستی بەسەردا بگیرێت و بیداتە سەربازانی سوپا نزیکەی سەد و بیست و دوو خانوو دەبن. مەلا فەرمان، نوێنەری گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکووک، دەڵێت: لەگەڵ وەزارەتی بەرگری قسە کراوە بۆ ئەوەی چارەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە، ڕەنگە یەکێک لە چارەکان ئەوە بێت وەزارەتی دارایی لە جیاتی ئەو پارچە زەوییانە، زەوی بۆ وەزارەتی بەرگری دابین بکات لە دەرەوەی سنووری شارەوانی کەرکووک، بۆ ئەوەی ئەوان لەوێ خانوو بۆ خۆیان دروست بکەن.